خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان بەردەوامە

‌خوێندکارانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی رێگای سەرەکی سلێمانی _ تاسڵوجەیان داخست

وێستگه‌ نیوز ـ
جارێکی دیکە بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم گردبوونەوە و داوای پێدانی دەرماڵە دەکەن، هاوكات خوێندكاران زانكۆی سلێمانی رێگه‌ی سه‌ره‌كی نێوان _ سلێمانی تاسڵوجەیان داخستووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەشێک لە خوێندکارانی (زانکۆکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و راپەڕین و کۆیە) بە مەبەستی داواکردنی مافەکانیان و پێدانی دەرماڵەکانیان لەبەردەم زانکۆکانیاندا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندیان کرد.

هاوكات خوێندكارانی كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی ماوه‌ی كاتژمێرێكه‌ به‌هۆی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانیانه‌وه‌ رێگه‌ی سه‌ره‌كی نێوان كه‌ركوك سلێمانییان داخستووه‌.

پێشتردا بۆ ماوەی نزیکەی یەک ھەفتە، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم گردبوونەوەی بەرفراوانیان ئەنجامدا کە لە ئاکامدا ھێزە ئەمنییەکان بە بەکارھێنانی توندوتیژی کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکان ھێنا و دواتر بەشێک لە زانکۆکان بۆ راگرتنی ناڕەزایەتییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەک پشوویان راگەیاند.

لە ساڵی 2014ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی 400 ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی 60 ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی 100 ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

هاوكات شه‌وی رابردوو ماوه‌ی 12 كاتژمێر، بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ركوك، گه‌رمیان و ئیداره‌ی راپه‌ڕین كۆبوه‌وه‌ و به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی پێدان.

بافڵ تاڵەبانی، بڕیاریداوه‌ لە رێگەی تیمی حزبه‌كه‌ی لە حکومەتی ھەرێم کار بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران بکات و بڕیاریشدا بێ بەرامبەر پاس بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی دەرەوەی شار و بەشەناوخۆییەکان دابین بکات، هاوكات بڕیاریشیدا سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکان بە ئینتەرنێتیشەوە بۆ خوێندکاران دابین بکات.


AM:11:28:06/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 2292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت