وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: تۆڵه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌

‌شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

وێستگه‌ نیوز ـ

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە پەلاماری چەکدارانی داعش نایانترسێنێت، دەشڵێت، "بە زوویی تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی چەند رۆژی رابردوو دەکەینەوە".

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "پەلاماری ئەو چەکدارانە نایانترسێنێت بەڵکو هانیان دەدا لە تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش لەناوچەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە زوویی تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی چەند رۆژی رابردوو دەکەینەوە."

لەبارەی ئامادەکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، شۆڕش ئیسماعیل ئەوەی وت، هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چڕکراوەتەوە و کەم و کوڕی و پێداویستیەکانی پێشمەرگە پڕدەکەنەوە.

باسی لەوەشکردووە، دەبێت پێشمەرگە بەپلان و تەکنیکی نوێی وردەوە، "رووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە و رێگه نەدەن، جارێکی تر بوێری ئەوەیان هەبێت، نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خەڵکی بێ تاوانی ئەو ناوچانە ببنەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە 2ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیان کردە سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا 13 پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئەمشەو، گرووپی چەکداری داعش ساتی هێرشکردنە سەر گوندی خدرجیجە کە دەکەوێتە بناری چیای قەرەچوغ بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا "بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارەکە راگەیاند".

لە شەوی 27ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لە 29ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

گروپی چەکداری داعش لە ساڵی 2014 توانییان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عیراقدا بگرن، دواتر بە ھاوکاری ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی 2017 حکومەتی عیراق شکستپێھێنانی گروپەکەی لە خاکی عیراق راگەیاند.



PM:09:18:05/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 7140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت