لیوا قارەمان: ژمارەیەک فەرماندە له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌می لەکارلابراون


وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، لەسەر کەمتەرخەمی لە سەنگەرەکان لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک فەرماندە لەکارلابراون، دەشڵێت، "داعش ئێستا چەکی پێشکەوتی هەیە تەنانەت درۆنیشی هەیە."

له‌ به‌رنامه‌ی "تاوتوێ"ی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی دا، لیوا قارەمان کەمال جێگری سوپاسالار له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، داعش کۆتایی پێ نەهاتووە و ئێستا بەهێزن و لەو ناوچانە جموجۆڵ دەکەن کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دەشڵێت، "هەتا بۆشایی ئەمنی هەبێت مەترسی بۆ سەر سەنگەرەکانی بەردەوامی دەبێت، پێشتریش بە فەرماندەکانمان وتووە کە داعش هێرش دەکات و کەمتەرخەمی هەبوو لە فەرماندەکانی سەنگەرەکان کە نەتوانرا ئاگاداری جموجوڵەکانی داعش بن."

وتیشی "لەسەر کەمتەرخەمی لە سەنگەرەکان لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک فەرماندە لەکارلابراون، وتووشییەتی، "بودجەی جموجوڵی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بڕاوە بۆیە ناتوانین سەنگەرەکان چاک بکەین."

دەشڵێت، "داعش هاوکاری ماددی دەکرێت ئەگینا ناتوانێت ئەم هەموو چەک و کەرەستە سەربازییانەی هەبێت و لە ناو سەنگەری سوپای عێراقەوە دێنە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە، عێراقیش هاوکاریی پێویستی وەزارەتی پێشمەرگە ناکات و ئەو تەقەمەنی و کەرەستە سەربازیییانەی عێراق بۆمان دەنێرێت بەشی فەوجێک ناکات."

ئەوەشی خستووەتەڕوو كه‌ پێداویستییە سەربازییەکانی پێشمەرگە سنوردارە و گرفتی بۆ دروست کردون، چوار مانگ پێش ئێستایش داوای چەک و تەقەمەنییان لە سەرۆکایەتی هەرێم كردوه‌، هاوكات داوای درۆنیشیان کردوە، به‌ڵام سوپای عێراق رێگرە لەبەردەم دابینکردنی.

شەوی 2ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجە لە بناری قەرەچوغ، لە ئەنجامدا 13 پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆش، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رێکكەوتن لەسەر كاری هەواڵگری و زیادكردنی هاوكارییەكان لە نێوان هێزەكانیاندا، هاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، "لە بەیانییەوە پلان دادەنرێت تاوەکو ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی داعش ئەنجام بدرێت."


PM:08:58:04/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 4416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو