یەکێتی داوای سێ کورسی تر دەکات


وێستگەنیوز_

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، وەک ھاوپەیمانی کوردستان ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمار بکەن.


ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمرۆ چوارشەممە، بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، وەک ھاوپەیمانی کوردستان ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر بازنەی یەکی ھەولێر و بازنەیی سێ و چواری نەینەوا.

وتیشی، ئامانج لە تۆمارکردنی سکاڵاکە گەڕاندنەوەی مافی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی کاندید لە بازنەی یەکی ھەولێر و مەجید ئەحمەد ئیسماعیل لە بازنەی سێ و عەزیزە عەبدولعەزیز لە بازنەی چواری نەینەوایە.

ئەوە لەکاتێکدایە، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا دوو کورسییان بە "تاڵان بردراون".
 
لە راگەیەندراوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 30-11-2021 بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆمان دەرکەوت، دوو کورسی کە مافی یاسایی دوو بەربژێری پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین".

هاوکات، ئەمین بابە شێخ ، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا دەڵێت، "دوو کورسییەکەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی 2)، و پارێزگای هەولێر (بازنەی 3) ئیستحقاقی ڕەوای یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانن".

ئەوەشی وتووە، "کە ھەر ئیستحقاقی کوردە لە چوارچێوەی کورسییەکانی کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. گێرانەوەی کورسییەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان دوای رەچاوکردنی تانە یاساییەکان و سەلماندنی ھەوڵی ساختەکاری (تزویر) کارێکی باشە و ئێمە پێشوازی لێ دەکەین".


PM:09:59:01/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 18428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت