بنه‌ماڵه‌ی یه‌كێك له‌ كوژراوه‌كانی رانیه‌: خوێنی کوڕەکەمان تێکەڵی ململانێ سیاسیی مەکەن


وێستگه‌ نیوز ـ
بنەماڵەی شامیل زرار وەرتی یەکێک لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا لە رانیە كوژرا، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند، دۆسیەی ئەوان نەخەنە ناو ململانێی سیاسی، دەشڵێن: "داوا له‌ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین بەدواداچوون بۆ راستی رووداوەکە بکات".

بنەماڵەی شامیل زرار وەرتی ئه‌مشه‌و راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: "هەموو لایەک ئاگادارن ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25ی تشرینی دووه‌می 2021، رووداوێکی تەقەکردن لەناو شاری رانیە روویدا کە بەداخەوە چەند کەسێک تێیدا بوونە قوربانی، دوابەدوای رووداوەکە ئاگادار کراین کوڕەکەی ئێمەش کە ماوەیەکی کەمە لە دەزگای زانیاری دەست بەکاربووە لە رووبەڕووبونەوەکەدا شەهید بووە، هەمان شەو تەرمەکان وەرگرتەوەو بەخاکمان سپارد".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "لەگەڵ ئەوەی کۆی رووداوەکە بەگشتی و شەهیدبوونی ئەو کوڕەی ئێمە بەتایبەت کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ناکرێ لێیان بێدەنگ بین، بەڵام پێمان باشبوو دان بەخۆمان دا بگرین و داوای روونکردنەوە لەلایەنی پەیوەندیدار بکەین".

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن: "بۆیە بۆ گەیشتن بە راستیی رووداوەکە لە دانیشتنێکی راستەوخۆدا داوای روونکردنەوەی تەواومان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە ئەوانیش بەڵێنی روونکردنەوەیان داوە، هیوادارین لەزووترین کاتدا وەڵاممان بدەنەوە، هەروەها وەک خاوەنی سێ شەهیدی سەنگەر داوا له‌ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین بەدواداچوون بۆ راستی رووداوەکە بکات و نەهێڵێ خوێنی ئەو رۆڵەیەی ئێمە بە فێڕۆ بچێت".

هاوكات كه‌سوكاری ئه‌و كوژراوه‌ی رانیه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، "هاوکات بەڕای گشتی و هەموو لایەکیشی رادەگەیەنین ئێمە جگە لە شەهید شامیل، خاوەنی سێ شەهیدی سەنگەری رووبەڕووبونەوەی داعش و چەندان شەهید و برینداری داستانەکانی بەرگری نیشتمانین، هێشتا برینی لەدەستدانی شەهیدان (حەسەن سلێمان و لوقمان زرار و فەیسەڵ زرار)مان سارێژ نەبووە، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین رێز لەخەبات و تێکۆشان و قوربانیمان بگرن و دۆسیەی ئێمە نەخەنە ناو ململانێی سیاسی، کێشەی شەخسی و بنەماڵەییشمان لەگەڵ کەسدا نیە".

رۆژی 25ی ئەم مانگە، شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان عەقید موراد کانی کوردەیی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین و كه‌سی نزیك له‌ لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و چەند پاسەوانێکی لەگەڵ هێزێکی ئەمنیدا روویدا، بەهۆی شەڕەکەوە ئەفسەرە پلە باڵاکە و سێ پاسەوانی گیانیان لەدەستدا، هاوکات دواتریش راگەیەندرا شامل زرار کە ئەندامی دەزگای زانیاریی بووە بەهۆی شەڕەکەی گیانی لەدەستداوە.


PM:09:53:28/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 44292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو