مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.. شەهیدبوون شانازییە

‌مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

وێستگەنیوز_

مەسعود بارزانی ئەمرۆ یەکشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2021. دەڵێت، "شەهیدبوون و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی خاك و نیشتیماندا ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە".

شەوی ڕابردوو لە هێرشێکدا لە نزیک ناحیەی کوڵەجۆ لە میحوەری گەرمەسێر، پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، "زۆر بە داخەوە كە لە شەوی ڕابردوودا لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستی تیرۆریستانی داعش، لە سنووری كۆلەجۆ ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان لە كاتی ئەركی پیرۆزی خۆیاندا شەهید و بریندار بوون".

ئەو دەشڵێت، "شەهیدبوون و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی خاك و نیشتیماندا ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان".

دەقی پەیامەکە/

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
زۆر بە داخەوە كە لە شەوی ڕابردوودا لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستیی تیرۆریستانی داعش، لە سنووری كۆلەجۆ ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان لە كاتی ئەركی پیرۆزی خۆیاندا شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدەكانمان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواكارم گیانی ئەو شەهیدانە بە بەهەشتی خۆی شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت و، هیوای چاكبوونەوەش بۆ بریندارن دەخوازم.
 
شەهیدبوون و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی خاك و نیشتیماندا ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.
مسعود بارزانی
 
28ی تشرینی دووەمی 2021


PM:05:02:28/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت