برای پێشمەرگەیەکی شەهید: سەیارەی درع لە ناوشاردایە بە پاس دەچینەوە بۆ بەرەی شەڕ

‌وێنەی محەمەد بارام. پێشمەرگەی شەهیدکراو ئیبراهیم بارام

وێستگەنیوز_

برایەکی ئیبراهیم بارام، یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە هێرشەکەی کوڵەجۆ شەهیدبوو دەڵێت، "ئەو ئۆتۆمبیلانەی بەکەڵکی بەرەکانی شەڕ دێت لە ناوشاردایە، ئێمەش بە پاس و بە سەیارەی خۆمان دەچینەوە بۆ بەرەکانی شەڕ".

نێردراوی وێستگەنیوز بۆ شارۆچکەی عەربەت، لە میانی بەڕێوەچوونی پرسەی شەهید ڕائید ئیبراهیم بارام ئەفسەر لە لیوای 5ی پیادەی شارەزوور، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدا کە ناوبراو خاوەنی هاوژینی و سێ كچ و كوڕێكە.

محەمەد بارام، برای ئیبراهیم بارام ئەمرۆ یەکشەممە بەوێستگەنیوز-ی وت، "ئیهمالی زۆر لە بەرەکانی شەڕ بەدی دەکرێت، هەرچی سەیارەی درع و بە کەڵ بێت لە ناوشاردا دەسوڕێندرێتەوە، ئێمەش دەبێت بە سەیارەی خۆمان بە قەمەرە و پیکاب و پاس بچینەوە بۆ بەڕەی شەڕ".

ئەو برایەی ئیبراهیم بارام کە ئاماژە بەوەدەکات خۆشی پێشمەرگەیە لە هەمان لیوا. وتیشی، "ئەگەر سەیارەیەکی گولەنەبڕی باشمان پێ بێت دەتوانین بچینە ناوجەرگەی ئەو شوێنەی کە داعشی تێدایە، بەڵام ئەوەی بەکەڵ بێت لە ناوشاردایە و تەسلیمی پێشمەرگەی ناکەن". 

دوای ئەوەی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنوری کوڵەجۆی دەڤەری گەرمیان هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکاندا، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون. 

بەگوێرەی زانیارییەکان کە بەرپرسانی پێشمەرگە بە رۆژنامەنوسانیان داوە، ئەو پێشمەرگانەی کە شەهیدبوون هەموویان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە. دوای تەقینەوەی بۆمبەکەش، چەکدارانی داعش چوونەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە و پێشمەرگەیەک کە بریندارببوو، "فیشەکیان پێوەناوە و کوشتوویانە."
 
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو پێشمەرگانەی لەهێرشەکەی شەوی رابردودا بریندارکراون سەرجەمیان داعش بە نیشانشکێن تەقەی لێکردوون و برینداری کردوون. هاوکات پێشمەرگەیەکی دیکەش بە برینداری لەو ئۆتۆمبێلەدا رزگاری بووە کە کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە. ئەو پێشمەرگەیەش شۆفێری هەمەرەکە بووە.


PM:12:17:28/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 18828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت