شاندی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران گەڕایەوە ڤییەننا


وێستگەنیوز-

دوای نزیکەی هەشت مانگ لە راگرتنی گفتوگۆکانی ڤییەننا بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1دا واژۆکرابوو،  بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە و ئەمڕۆش شاندی دانوستانکاری ئێران گەڕایەوە ڤییەننا.

محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆی رێککەوتنی ئەتۆمی کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە ڤییەننا بەڕێوەبچێت جەخت لەسەر پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بەناوەڕۆکی رێککەوتنەکان دەکرێتەوە، بۆیە دەبێت لایەنەکان بەشدارەکان بەکرداری ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆسیەی دامەزراوەی ئەتۆمی کەرەج بەشێکە لە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش ئەم دامەزراوەیە پابەندنابێت بە ناوەڕۆکی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ەوە، بۆیە لایەنەکان بۆیان نیە تانە لەسەر کارەکانی ئەم دامەزراوەیە بدەن".

ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، واشنتنی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و قۆناغ بە قۆناغ سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چونکە پێیوابوو رێککەوتنەکە پێویستی بە پێداچوونەوەیە. 

لە کاردانەوەی ئەوەشدا، ئێران دەستی بە هەڵپەساردنی قۆناغ بە قۆناغی ئەرکەکانی کرد و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردەوە.


AM:09:29:28/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 5352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت