نوێترین زانیاری لەسەر رووداوی تەقەکردن لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی


وێستگەنیوز_ ژووری هەواڵ

چەند هەواڵ و دەنگۆیەک هەن کە بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە، تەقە لەماڵی لاهور شێخ  جەنگی کراوە لە گەڕەکی سەرچنار-ی شاری سلێمانی، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ئەو تەقانەی کراون ئاڕاستەیان لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی نەبووە.

بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2021. وابڵاوکرایەوە کە تەقە لەماڵی لاهور شێخ جەنگی کراوە لە گەڕەکی سەرچنار، بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، لە کاتژمێر 2:30 بۆ 3:00ی ئەمرۆ دەنگی چەند تەقەیەک لە گەڕەکە لەلایەن هاوڵاتی و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بیستراوە.

وێستگەنیوز زانیویەتی، ئەو هێزەی پارێزگاری لە لاهور شێخ جەنگی دەکەن، لەگەڵ دەنگی تەقەکاندا جموجوڵیان لە دەوروبەری ماڵی لاهور شێخ جەنگی هەبووە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی لە نزیک ماڵەکەی دەنگی تەقەکان بیستراون.

سەرچاوەیەک لە ئاسایش سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە وێستگەنیوز-ی وت، " ئەوە رووداوێکی ئاساییە شەوانە لە سەرچنار تەقە دەبێت"، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە دەربارەی ئەگەری رووداوی تەقەکردن لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرابکات.

سۆشیال میدیاکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، باس لە رووداوی تەقەکردن لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی ناکەن. پەیامنێری وێستگەنیوز دەڵێت، دوێنێ هەینی ھێزێکی زۆر لە نزیک ماڵی لاهور شێخ جەنگی ھەبوون، لە ھەموو سنورەکان جێگیرکراون و جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بۆ وێستگەنیوز ئەوەی ڕەتکردەوە، "ھیچ رووداوێکی تەقەکردن ڕووی دابێت بەرامبەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەنگۆکان دوورن لە ڕاستییەوە".

هەروەها، رێبوار حامید حاجی غالی، فەرماندەیی سەربازی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی،  "دەنگۆی تەقە كردن لە لالەزار دورە لە ڕاستییەوە".


AM:10:12:27/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 39852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو