بنه‌ماڵه‌ی موراد كانی كورده‌یی: ئەگەر تاوانباران دەستگیر نەکرێن، وەڵامی توندمان دەبێت


وێستگه‌نیوز ـ

بنه‌ماڵه‌ی موراد كانی رایدەگەیەنن، عەمید کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە، بە برینداری رفێندراوە، دواتر "لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە"،  بۆیە تۆمەتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتدەکەنەوە و "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین."

ئەمڕۆ هەینی تەرمی موراد کانی کوردەیی لە گۆڕستانی شەهیدان لە کۆیە بەخاکسپێردرا و بنەماڵەکەشی راگەیەندراوێکیان لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و دەڵێن، روداوەکەی شەوی رابردو و "شەهیدکردنی موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەدا و بە پیلانێکی هاوبەش و نەخشە بۆ دارێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بووە، بۆیە رایدەگەیەنین عەمید موراد کانی کوردەیی پلەی سەربازیی هەبوە و بەرێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی راپەڕین بووە، دوێنێ دەوامی رەسمی خۆی کردوە، هەر داوا و سکاڵایەکی یاسای لەسەر بووبێت، دەکرا بەشێوەیەکی یاسایی و بە رێکار و عورفی سەربازیی ئاگادار بکرایەتەوە".

ئاماژە بەوەش دەکەن، "عەمید موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتوە کە عەمید موراد فیشەک بەرقاچی کەتوە و نەمردوە بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە گیانی سپاردوە، بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتوە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە و هەڵواسینی هەردوو دەستی بە روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردوە."

بنەماڵەی موراد كانی كورده‌یی باس لەوە دەکەن کەسێکی دیکەش کە شەوی رابردو لەگەڵ موراد كانی كورده‌ییدا بووە "بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد)  رفێندراوە، هەرچەندە شوێنی پەلاماردانەکە لە شوێنێکی دیاری ناو شاری رانیە بووە، بەڵام بۆ داپۆشین و شاردنەوەی راستیەکان، ئاسایش دەستبەجێ هەموو کامێراکانی ئەو ناوچەیەی هەڵگرتوه‌تەوە، بۆیە نازاندرێت بەرەوکوێ براوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە، هەروەها شەهیدبوونی بەناهەقی رۆڵەکانمان بەدەستی ئەنقەستی دەزگا ئەمنیەکانی حزبەکەمان بە توندی ئیدانە و شەرمەزار و رسوا دەکەین، لە هەمانکاتدا بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین".

لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکەش دەڵێن، "ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کەمیدا تاوانباران دەستگیر نەکرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری کە دەرهەق بەرۆڵەکانی ئێمە ئەنجامیداوە، لەهەمانکاتدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندیەکان و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و سەرجەم ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەین کە هەڵوێستی جدییان هەبێت لەسەر رووداوەکانی ئەمدوایەی ناو یەکێتیی و ئەو رەشبگیریەی کە ئێستا بەرامبەر بە کادرانی یەکێتیی ئەنجام دەرێت".

ئێوارەی دوێنێ سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسنوری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، موراد کانی کوردەیی لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و "كوژراوە".

وێستگەنیوز ئێوارەی پێنجشەممە دیمەنی یەکەمین ساتی تەقەکردن لە عه‌قید موراد كانی كورده‌یی فەرماندەیی سەربازی یەکێتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی وێنەکان و ڤیدیۆکانیش ئۆتۆمبێلی ناوبراو لەبەردەم بانکی ڕانیە تەقەی لێکراوە.


PM:03:17:26/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 23360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو