هەمیلە گەردی خەڵاتی "شانازیی عەرەب"ی وەرگرت

‌هەمیلە گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی (RT)ـی بانک

وێستگەنیوز-

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی (شانازیی عەرەب) بۆ رێزگرتن لە چەندین کەسایەتیی داهێنەر و سەرکەوتوو لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو، یەکێک لەو کەسانەش کە خەڵاتکرا هەمیلە گەردی بوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی هەرێمیی بازرگانیی (RT)ـی بانکە.

خەڵاتی شانازیی عەرەب بریتییە لە خەڵاتێکی هاوبەشی ئیمارات و ئەمریکا و پێدانی بڕوانامەی کارامەییە بەو کەسانەی لەبوارەکانی کەرتی بانکی و دارایی، ئابوری،  بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی و گەشەپێدانی گشتگیردا رۆڵیان هەبوبێت.

هەمیلە گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی (RT)ـی بانک دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە لە وتارێکدا رایگەیاند، "ئەمە گەورەترین و پڕبایەخترین خەڵاتە بۆ من وەکو ئافرەتێکی کورد و عێراقی؛ ئەوەش زۆر هانمان دەدات بەردەوام بین و سەرکەوتوو بین؛ بانکی هەرێمیی بازرگانی لە ساڵانی 2020 و 2021 زۆر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لەئێستاشدا بانکەکەمان تاکە بانکی عێراقییە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی پێناسە کراوە."
  
ئاماژەی بەوەشکرد، "داوامان پێشکەشکردووە بۆ کردنەوەی لقێکی بانکی هەرێمیی بازرگانی لە ئیمارات، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی شانازییە کە ببینە یەکەم بانکی تایبەتی عێراقی کە لقی لە وڵاتی ئیمارات هەبێت".


PM:10:54:25/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 4412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت