له‌ رۆژی خۆشه‌ویستیدا کچە ده‌ستگیركراوێكی بادینان دادگایی ده‌كرێت

‌بێریڤان ئه‌یوب

وێستگه‌ نیوزـ

رۆژی 14ی 2، له‌ناو گه‌نجادا به‌ ڤالانتایان، رۆژی خۆشه‌ویستی و گوڵباران كردنی یه‌كتر داده‌نرێت، به‌ڵام دادگایه‌كی هه‌ولێر ئه‌و رۆژه‌ی بۆ دادگاییكردنی كچه‌ ده‌ستگیركراوێكی بادینان دیاریكردوه‌ و مادده‌ی دادگایی كردنه‌كه‌شی تایبه‌ته‌ به‌ تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی تشرینی دووه‌می 2021، دادگای كەتنی 2ی هەولێر رۆژی دادگاییكردنی بێریڤان ئه‌یوب، یه‌كێك له‌ ده‌ستگیركراوانی بادینانی دیاریكرد كه‌ ماوەی ساڵێكە لە زینداندایه‌، دادگا ده‌ڵێت كه‌ مانگی 2ی ساڵی داهاتوو واده‌ی دادگاییكردنی ئه‌و كچه‌ ده‌ستگیركراوه‌یه‌.

به‌وته‌ی پارێزەر بەشدار حەسەن، دادگای كەتنی دووی هەولێر ڕۆژی 14-2- 2022ی وەك یەكەم ڕۆژی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب دیاریكردوه‌و دادگاییكردنەكەشی بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003یە، كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 70 چالاكوانی بادینان دەستگیركراون وبەشێكیان سزادراون، بەشێكیشان هێشتا كەیسەكانیان لە دادگا یەكلایی نەكراوەتەوە، دۆسیه‌ی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوه‌.


PM:08:49:25/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو