سەرچاوەیەكی ئەمنی لەرانیە: موراد كانی كوردەیی كوژراوە

‌موراد کانی کوردەیی

وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسنوری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، موراد کانی کوردەیی لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و "كوژراوە".

میدیای یەکێتی لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو موراد کانی کوردەیی لەدوای  ئەوەی ویستراوە یاسا جێبەجێبکرێت، رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و کارمەندێکی ھێزەئەمنییەکان شەھید دەکەن و کارمەندێکی تریش برینداردەکرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکان وەڵامیان داوەتەوە و موراد کانی کوردەیی دەکوژرێت".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

بەگوێرەی زانیارییەکان عەقید موراد کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە نەبراوەتە نەخۆشخانە، هەروەها لەئێستادا دوو تەرم گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەی رانیە.

پەیوەست بەم بابەتەش سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی بە کەناڵی رووداو راگەیاندوە، موراد کانی کوردەیی ژمارەیەک بڕیاری دەستگیرکردنی هەبووە، چونکە ژمارەیەک سکاڵای لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەسەر تۆمارکراوە لەسەر ئەوەی "دژی خەڵک وەستاوەتەوە، سەرانەی وەرگرتووە و هەڵی کوتاوەتە سەر خەڵک."

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێک لە رانیە زانیویانە لەو جێگەیەیە، بۆیە چواردەوریان گرتووە و بە رێزەوە پێیان گوتووە کە خۆت رادەست بکە، بەڵام خۆی رادەست نەکردووە، لە ئەنجامدا تەقە و رووبەڕووبوونەوە روویداوە. بەهۆی تەقەکانیشەوە، کەسێکی کوشتووە و کەسێکیشی بریندارکردووە. دواتر خۆیشی کوژراوە."

وێستگەنیوز ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دیمەنی یەکەمین ساتی تەقەکردن لە عه‌قید موراد كانی كورده‌یی فەرماندەیی سەربازی یەکێتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی وێنەکان و ڤیدیۆکانیش ئۆتۆمبێلی ناوبراو لەبەردەم بانکی ڕانیە تەقەی لێکراوە.

هاوكات گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش بڵاوبوه‌ته‌وه‌ کە دوو کەس لە لای ئۆتۆمبێلەکەی عه‌قید موراد كانی كورده‌یی کەوتوون و بریندارکراون.

پەیوەست بەم بابەتەش سه‌رچاوه‌كه‌یەک لە پۆلیسی رانیە بەوێستگە نیوز-ی وت، عەقید موراد کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە نەبراوەتە نەخۆشخانە، ئەو کەسانەی تەقەیان لێکردووە لەگەڵ خۆیان بردوویانە. کاتێکیش پۆلیس چوەتە سەر ڕووداوەکە هەر ئۆتۆمبێلەکەی بینراوە.

هـ.هـ


PM:08:26:25/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 7284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت