کۆمسیۆنی باڵا: جیاکردنەوە و ھەژمارکردنی دەستی سەرجەم وێستگە تانەلێدراوەکان کۆتاییھات
وێستگه نیوز ـ
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، کۆی پرۆسەکانی دووبارە ھەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی سەرجەم ئەو وێستگانە کۆتاییھات کە تانەیان لێدرابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووەم کۆی پرۆسەی جیاکردنەوە و ھەژمارکردنی دەستی سەرجەم ئەو وێستگانە کۆتاییھات کە تانەیان لێدرابوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ کۆتا وێستگەی تانە لێدراو لە پارێزگای نەینەوا بە ئامدەبوونی نوێنەری لایەن و کاندیدەکان و چاودێرانی نێودەڵەتی و رۆژنامەنووس و میدیاکارە رێگەپێدراوەکان کۆتایی بە پرۆسەکە ھات.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی کۆمسیۆنی باڵا، ئەنجامی جیاکردنەوە و ھەژمارکردنی دەستی ئەو بنکانە بەراورد کراون بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی و دەرکەوتووە 100٪ ھاوتابوون.
دەشڵێت، لیژنەکە راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرزکردووەتەوە و تیایدا داوای کردووە ئەنجامەکان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 10ی تشرینی یەکەیەم دەنگدانی گشتی و رۆژی ھەینی 8ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عیراق لە کاتژمێر 7ی بەیانی دەستیپێکرد و تا 6ی ئێوارە بەردەوامبوو.
دوای تەواوبوونی ھەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان ھاوتابوون.
دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایییەکان بەشێک لەو ھێزانەی نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبھێنن تانەیان لەچەندین وێستگە و بنکەداو کۆمسیۆنی باڵاش جیاکردنەوە و ھەژامرکردنی دەستی بۆ ئەنجامدان و ئەنجامی بەشیک لە کورسی لایەنەکان گۆڕانی بەسەرداھات.
PM:02:54:25/11/2021
ئهم بابهته 2008
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت