مەسرور بارزانی: رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە

‌مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین.


دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن. حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز.

بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین.

ئومێدەوارم هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

25 ی نۆڤێمبەری2021


AM:10:53:25/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو