لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە.. ئازادیان بکەن

‌لاهور شێخ جەنگی

وێستگەنیوز_

لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "وا پێدەچێت بەشداربووانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی" ئاماژە بەوەشدەکات، "بۆیە دەتوانن پارەی دوو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخانبکەن".

لاهور شێخ جەنگی، ئەمشەو 24ی تشرینی دووەمی 2021، لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوەشدەکات، "دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزوور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گریانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) بە بیانوی پڕوپووچ و بێ بنەما بە تووندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

ئەوەشی وتووە، " بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندووە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا. ئێمە لەکاتێکدا دووبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت".

دەقی پەیامەکەی:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،

 بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندووە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا. ئێمە لەکاتێکدا دووبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت. نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕووی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبووڵ نییە و دەبێت برایانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دوور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

لێرەشەوە دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزوور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گیانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) کوڕی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار)، بە بیانوی پڕوپووچ و بێ بنەما بە تووندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر تووڕە و ڕق ئەستوورتر نەبێت بەرامبەریان.

بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش، وا پێدەچێت بەشداربووانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە دەتوانن پارەی دوو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی (٦) ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن.
لە کۆتاییدا هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانە و هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستوورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە.

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان



PM:10:14:24/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 15632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو