عیراق: وڵاتی ئێران به‌ تەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی گرتەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند، ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتەوە بۆ عیراق گەیشتووەتە سفر.


مەھدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی لە عیراق گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ عیراق لەو وڵاتەوە گەیشتووەتە سفر.

ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی بەنداوەکانییەوە رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، ئێران تەواوی ئاوەکانی گرتووەتەوە و ئامادەنەبوو زیانەکان لەگەڵ عیراق بەش بکات.

باسی لەوەشکرد، لەناو پارێزگاکاندا بە پلەی یەکەم پارێزگای واست زەرەرمەندە.

ھاوکات، لەبارەی پابەندبوونی ھەریەک لە ئێران و تورکیا بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنەکانی نێوان ھەر سێ وڵات لەبارەی بەردانەوەی رێژەی ئاو، مەھدی رەشید حەمدانی ئاشکرای کرد، ئێران و تورکیا سەرجەم رێککەوتنامە و پەیماننامەکانیان پێشێل کردووە و پێیەوەپابەند نەبوون.

ئەمە لەکاتێدایە، سەرەڕای وشکەساڵی و کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی، ھەریەک لە ئێران و تورکیا بەردەوامن لە دروستکردنی بەنداوەکان و پرۆژەکانیان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دێنە ناو خاکی عیراقەوە، بەمەش کێشەکانی ئاو و دابەشکردنی لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا چووەتەقۆناغێکی نوێوە و بەرەو ئاڵۆزتربوون ھەنگاوی ناوە.

پێشبیندەکرێت لە چەند ساڵی داھاتوودا کێشەی ئاو ببێتە یەکێک لە کێشە سەرکییەکانی نێوان عیراق و ئێران و تورکیا.



AM:09:28:24/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو