لێدوانێکی ئەردۆغان بەهای لیرەی بۆ نزمترین ئاست لەمێژوودا دابەزاند


وێستگەنیوز-

دوای لێدوانێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کەباسی لەوەکردبوو جۆرێک لەیاریکردن بە نرخەکانی لیرەی تورکییەوە دەکرێت، ئەمڕۆ دووشەممە بەهای لیرەی تورکی گەیشتە  نزمترین ئاست لەمێژوودا و 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە هەزار و 142 لیرە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، جۆرێک لە یاریکردن و پیلان هەیە سەبارەت بە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی لیرە و ڕێژەی قازانج، سەرەڕای ئەوەش بەرزبوونەوەی بەهای دراوەکان بەرامبەر لیرە کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان، هەناردەکردن و هەلی کار دروست ناکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی لە ڕێگەی وەبەرهێنان، زیادکردنی هەناردە، رەخساندنی هەلی کار و سیاسەتی ئابوورییەوە، کاری دروست بۆ وڵاتەکەمان بکەین نەک مانەوە لە بازنە خراپەکەی بەرزی ڕێژەی ئاڵوگۆڕ و بەنزمی هێشتنەوە سودی بانکی"

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕو، لەنێوان (هێشتنەوەی جێگری سیاسەتی بانکی بەکاتی) و (بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەداهاتوودا رووبەڕوویان دەبێتەوە)، ئەوان سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەیان هەڵبژاردووە کە وەبەرهێنان، هەلی کار و بوژانەوەی ئابوری زیاتر دەستەبەر دەکات.

2ی حوزەیرانی ئەمساڵیش دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، داوای لەپارێزگاری بانکی ناوەندی کردوە رێژەی سودی بانکی کەم بکاتەوە چونکە دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدان و بوژانەوەی کەرتی وەبەرهێنان، بەهای لیرە بەئاستێکی پێوانەیی دابەزی و 100 دۆلار بەرامبەر  بە 862 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.


PM:08:42:22/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 7580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو