پارێزگاری نەینەوا: ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی لیوایەکی پۆلیس بۆ شنگال هەیە

‌نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا

وێستگەنیوز_

پارێزگاری نەینەوا، رایگەیاند، ھێشتا ئاستەنگ لەبەردەم پێکھێنانی لیوایەکی پۆلیس لە دانیشتوانی قەزای شنگال ھەیە. ئاماژەی بەوەشدا، دروستکردنی بەربەستی ئەمنی لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا، پێویستی بە کاتی زۆر ھەیە.

ئەمرۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، نەجم جبوری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە دا، کە ھێشتا ئاستەنگ لەبەردەم پێکھێنانی لیوایەکی پۆلیس لە دانیشتوانی قەزای شنگال ھەیە بەتایبەتیش لە پێکھاتەی ئێزدی و وتی، "لەوانەیە بەشێکی ئاستەنگەکە، پەیوەست بێت بە وەزارەتی دارایی، ھەروەھا بەگەڕانەوەی حکومەتی خۆجێی، قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەکان".

پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری باسی لەوەش کردووە، کە ھیچ بەرەوپێش چونێک لەبارەی دۆسیەکەوە، بەدی نەھاتووە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە پێشتر، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی راگەیاندبوو، ھێزێکی دوو ھەزار و 500 کەسی کە نیشتەجێی شنگال-ن پێکھێنراوە و ئەرکی وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی سەنتەری قەزاکە دەبێت.

پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری سەبارەت بە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا رایگەیاند کە کارکردن لەسەر دروستکردنی بەربەستی ئەمنی لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا بەردەوامە، بەڵام تەواوکردنی پرۆژەکە پێویستی بە کاتی زۆر ھەیە و وتی، "جێبەجێکردنی پرۆژەکە پەیوەست نییە بە پارێزگاکە، بەڵکو پەیوەستە بە وەزارەتی بەرگریی و فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور".


PM:02:49:22/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت