روسیا لەبارەی قەیرانی کۆچبەران داوای گفتوگۆ لە بیلاڕوسیا و ئەوروپا دەکات


وێستگەنیوز-

وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، لەدواین پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکی روسیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی بیلاڕوسیا و راوێژکاری ئەڵمانیا، جەخت لەچارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لەرێگەی گفتوگۆی بونیادنەرانەوە کراوەتەوە و ئەو هەنگاوەش بەپێویستییەکی قۆناغەکە دەزانن.

دیمتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە دواین پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەک لە  ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا و ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا داوای گرتنەبەری گفتوگۆی بونیادنەرانەی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بەتایبەت لەپرسی قەیرانی کۆچبەراندا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "مۆسکۆ گرتنەبەری گفتوگۆی بونیادنەرانە بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆچبەران بە زۆر گرنگ دەبینێت و داوای رێککەوتن و گتفتوگۆی راستەوخۆش لەهەردولایەن کراوە، ئەوەش پرسێکە ئێمە بە وردی چاودێری دەکەین".

قه‌یرانی كۆچبه‌ران له‌سه‌ر سنوری بیلاڕوسیا له‌چوارچێوه‌ی كێشه‌ی نێوان دو وڵاته‌وه‌ بوه‌ته‌ پرسێكی نێوده‌وڵه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران كۆچبه‌ر له‌رێگه‌ی بیلاڕوسیاوه‌ خۆیان گه‌یاندوه‌ته‌ سنوره‌كانی پۆڵندا و خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ناو وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.


PM:08:42:17/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 5860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت