زانایانی ئەزهەر سەبارەت بە چاندنی ئهندامی جهستهی بەراز بۆ مرۆڤ فەتوایان دا
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ
ناوەندی ئەزهەری جیهانی فەتوایەکی سەبارەت بە چاندنی ئەندامی جەستەی بەراز بۆ مرۆڤ دەرکرد و دەڵێت، لەحاڵەتی پێویستدا رێگەپێدراوە.
فەتواکەی ناوەندی ئەزهەر دوای ئەوە دێت لە ماوەی رابردوودا نەشتەرکارانی ئەمریکی هەوڵی چاندنی گورچیلەی بەرازیان بۆ ژنێکی نەخۆشدا و رایانگەیاند، تائاستێکی زۆر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
ئەم نەشتەرگەرییە دەنگۆ و مشتومڕێکی زۆری لەناو جیهانی ئیسلامیدا دروستکرد، بەشێکیان پێیانوایە بەهۆی ئەوەی بەراز یەکێکە لە ئاژەڵە حەرامکراوەکان لە ئیسلامدا، سوودوەرگرتن لە ئەندامانی جەستەشی بۆ چارەسەر رێگەپێنەدراو و قەدەغەیە، هەندێکیش پێیانوایە بەهۆی ئەوەی بۆ حاڵەتی پێویست و چارەسەرە، رێگەپێدراوە.
لە فەتواکەی ناوەندی ئەزهەردا هاتووە: "ئایینی ئیسلام چارەسەرکردن و دەرمانکردنی بە هەموو کەلوپەل و شتێکی پیس و زیانبەخش حەرامکردووە".
ناوەندەکە دەشڵێت، "هەرچەندە سوودوەرگرتن لە بەراز و هەر پارچەیەکی ئەو ئاژەڵە رێگەپێنەدراو و قەدەغەیە، بەڵام سوودوەرگرتن لێی بۆ چارەسەر یان وەرگرتنی ئەندامێکی ئەگەر پێویستبوو و هیچ چارەسەرێکی دیکەش نەبوو، دوای لابردنی زیانەکانی، رێگەپێدراوە".
PM:02:47:26/10/2021
ئهم بابهته 6696
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت