روونکردنەوەی چاودێری بازرگانی سلێمانی لەبارەی ئاگادارکردنەوەی مارکتێک بەهۆی داشکاندنی نرخەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگادارکردنەوەی خاوەن مارکتێک لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە بەهۆی داشکاندنی نرخ بووەی جێگەی مشتومڕ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،  بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، "نوسراوەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە راستی و دروستی کەمکردنەوەی نرخ، چونکە ھەندێک جار فرۆشیاران وەک فێڵێک دابەزاندنی نرخەکان بەکاردەھێنن بۆ سەرنجڕاکێشانی ھاووڵاتیان".

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەکردوە، "چەواشەکارانە لێكدانەوە بۆ ناوەڕۆکی نوسراوەکەمان کراوە، لەکاتێکدا نوسراوەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە راستی و دروستی کەمکردنەوەی نرخ لەلایەن ئەو فرۆشیارەی کە داوای لە ئێمە کردووە، چونکە ھەندێک جار فرۆشیاران وەک فێڵێک دابەزاندنی نرخەکان بەکاردەھێنن بۆ سەرنجڕاکێشانی ھاووڵاتیان".

ئەوەش هاتووە، "لەگەڵ ھەموو جۆرە دابەزاندنێکی نرخداین و دەستخۆشی لەھەر خاوەن کارو فرۆشیارێک دەکەین کە نرخی کاڵاو شومەک لە بەرژەوەندی گشتی کەم بکاتەوە."  

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، "بەھەموو لایەکشی رادەگەیەنین کارو بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمدایە کە ھاوپێچی ئەم رونکردنەوەیە کراوە. هەروەها نابێت داشكاندن بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، بكرێت."  

ئێوارەی ئەمڕۆش وێستگەنیوز لە بەدواداچونێکدا پرسی ئاگادارکردنەوەی خاوەن مارکێتەکەی بڵاوکردەوە، کارزان جەعفەر خاوەنی مینی مارکێتی گەڵا لە ناحیەی بەکرەجۆ بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، ''لە لایەن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێریی بازرگانى سلێمانىەوە پسوڵه‌ى بانگهێشتنامەمان ئاڕاستە کراوە بۆ ئەوەی سبەینێ یەکشەممە سەردانی هەمان بەڕێوەبەرایەتی بکەین، بە مەبەستی لێپرسینەوە لەوە داشکاندنمان بۆ نرخی شتومەکی نێو مارکێتەکەمان کردووە".

لەو پسوڵەدا کە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێریی بازرگانى سلێمانى ئاراسته‌ى مینى مارکێتەکەی كردووە تیایدا هاتووە، ''به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى بەڕیوەبەرایەتیەکەمان نرخى داشكاندوه‌، پێویسته‌ خاوه‌نى ماركێته‌كه‌ سه‌ردانیانی بەڕێوەبەرایەتی بکات.''


PM:09:30:23/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 2488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو