سەندیكای گواستنەوەی سلێمانی: کرێی پاس وەک خۆیەتی


وێستگە نیوز- محەمەد عەلی 

سەرۆكی سەندیكای گواستنەوەی سلێمانی ڕایگەیاند، كرێی گواستنەوەی هاوڵاتیان بە پاس لەناو شاردا زیادی نەکردووە و، تا ئێستا كرێ‌ وەك خۆیەتی و 500 دینارە، دەشڵێت، وەک سەندیکای گواستنەوە داواکاریمان داوە بە حکومەت و چاوەڕێی وەڵامی داواکاریەکەین.

ئەمڕۆ شەممە 23ی تشرینی یەکەم، جەلال ئەبوبەكر سەرۆكی سەندیكای گواستنەوەی سلێمانی بە وێستگە نیوز-ی ووت، ''باس لە گران بوونی كرێی پاسی ناوشار دەكرێت، بەڵام  ئێمە وەک سەندیکا ئەو دەنگیانە ڕەتدەکەینەوەو تا ئێستا كرێ‌ وەك خۆیەتی کە  500 دینارەو وەک سەندیکا هیچ پێشنیازێکی بەرزبوونەوەی نرخ ناکەین و پێویستە حکومەت وەڵامی داواکاریەکانی ئێمەو شۆفێران بداتەوە. 

باسیلەوەشکرد، ئەگەر نرخی سوتەمەنی بەمشێوەیە بەرزبێتەوە ئەوا پاسەكان زەرەر دەكەن و ئەو كرێیەی لەكاتی گواستنەوەی سەرنشیناندا دەستیان دەكەوێت، بەشی كڕینی بەنزین ناكات.

وتیشی، شۆفێران خەڵک ناچارناکەن لە بری 500 دینار 750 دینار بدەن بۆ کرێی هاتووچۆ، بەڵام ئەگەر چارەسەری ئەو كێشە نەكرێت ئەوا شۆفێرانی پاسەكان كارناكەن و ئەوکات پێویستە حکومەت خۆی چارەسەری گرفتەکە بکات.  


PM:01:24:23/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 2572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت