راوێژکارێکی کازمی: ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنرێت


وێستگەنیوز-

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەستی بەشێک لە سندوقەکانی دەنگدان و بەراوردکردنیان بەئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان تەواودەکرێت، بۆیە هەر ئەمڕۆش ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنرێت و رەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکرێن بۆ پەسەندکردنیان.
 
پێشووتر بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسیان لەوەکردبوو، ئەنجامی دەنگدانی 8745 وێستگەی دەنگدان بەدەست ژمێردرانەوە و بەراورد کران بەهەمان ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و 100% هاوتا بون، هەروەها لەماوەی سێ رۆژدا تانەی لایەنەکان لەبارەی ئەنجامەکان وەردەگرن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

حسێن هینداوی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان رادەگەیەنرێت و هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاویش بەسەر ژمارەی دەنگ و کورسی لایەنەکاندا نەهاتووە کەپێشووتر لەئەنجامە بەراییەکاندا راگەیەنران، بەڵام رێژەی دەنگەکان لەناو بازنەکاندا بەئاستێکی کەم گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا کە ئەنجامی بەشێک لەوێستگەکانی دەنگدان بۆ رەوینەوەی گومانی لایەنەکان بەدەست ژمێردرانەوە، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆمکاری عەرەبی و نوێنەرانی ناوخۆی لایەنە سیاسییەکان لەهۆڵەکاندا ئامادەبوون و هەموو هەنگاوەکان بەشەفافی ئەنجام دراون.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو و 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبو. سێ هەزار و 226 کاندیدیش کێبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق کرد.


AM:11:59:15/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 9584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت