وەزارەتی خوێندنی باڵا: زیاتر لە 52 هەزار دەرچووی پۆلی 12 داواکارییان بۆ وەرگرتن لەزانکۆکان پێشکەشکردوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان 52 هەزار و 533  دەرچووی پۆلی 12 داواکارییان پێشکەشکردووە و لەئێستادا پێشکەشکردن لەرێگەی زانکۆلاینەوە کۆتاییهاتووە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتی (2021/10/14)  بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت لە سەرۆکایەتی زانکۆی چەرمو لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "ئەرکمانە بە پێشکەشکردنی باشترین کواڵتی خوێندن خزمەت بە پایتەختی شەهیدان و خەڵکی ئەم ناوچەیە بکەین، چونکە ڕێبەرایەتی خەڵکێکی تێکۆشەرو بەش مەینەتی میللەتەکەمان دەکەن و سوپاسیشیان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان بەمەبەستی پێشخستنی زانکۆکەیان، وتیشی: باشترین پاداشت بۆ ماماندوبون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکەشکردنی باشترین کواڵتی خوێندن و فێرکردنە بە ڕۆڵەکانیان."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئامانج لەم کۆبونەوەیە گفتوگۆکردنە لەبارەی گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی خەرجی لەسەر داهات و پەسەندکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سودی دەرچوان و پێداویستیەکانی بازاڕی کار، بۆ ئەمەش دوپاتییکردەوە: وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕەچاوکردنی کواڵتی خوێندن و لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی دەرچوان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کردوەو ژمارەکەیان بریتیە لە (52533) دەرچو."

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پلانی هەریەک لە زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و دواتر پەسەندکرا، لە بڕگەیەکی دیکەشدا پرسی ئەژمارکردنی ماوەی مانەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات کە بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەوان بون، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی تایبەتمەند بەم بابەتە و گفتوگۆکردن  پێشنیازی لێژنەکە پەسەندکرا. هەروەها چەند بابەت و پرسێکی دیکەی پەیوەست بە پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکانی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو پەسەندکران.


PM:09:06:14/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 3480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو