محەمەد دوشیوانی بۆ وێستگە نیوز: کوڕەکەم بەدەست و قاچی بەستراو ناردە زیندان

‌محەمەد دوشیوانی و تۆمەتباری رووداوەکە

وێستگە نیوز_ ژووری هەواڵ

محەمەد دوشیوانی، باوکی ئەو گەنجەی تۆمەتبارە بە کوژرانی کارمەندێکی سکویرتی، دەڵێت، "کوڕەکەی بەمەبەستی دابینکردنی جێگەی مانەوە بۆ شاندێک لە ماڵەوە چۆتە دەرەوەی کۆمەڵگەی دەروازە ستی و رووداوەکە روویداوە"، دەشڵێت، "ئەمشەو کوڕەکەی رادەستی یاسا کردووە".


بەرە بەیانی رۆژی پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021، کارمەندێکی سكویرتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لە سلێمانی لە پرسگەی پرۆژەكە لەلایەن  گەنجێکەوە بە دوو فیشەک بریندار دەکرێت و لە نەخۆشخانەی دەردەکەوێت گیانی لەدەستداوە، ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی کارمەندەکە کوڕی محەمەد دوشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک-ی یەکێتییە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد،"پاش ئە‌وە‌ی ھێزە‌كانی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار كرانە‌وە‌ لە‌ بوونی تاوانێكی كوشتنی كارمە‌ندێكی ئە‌منی "سكویرتی". یە‌كێك لە‌ سیتییە‌كانی سلێمانی، ھێزە‌كانمان لە‌سە‌ر راسپاردە‌ی، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ھە‌وڵە‌كانیان چڕ كردە‌وە‌ و توانیان پاش چە‌ند سە‌عاتێك لە‌ ئەنجامدانی تاوانەكە‌، تاوانبارە‌كە‌ دە‌ستگیر بكە‌ن.  

محەمەد دوشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەربارەی رووداوەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە وێستگە نیوز_ی وت، "شاندێک لە کەرکوک بوون هاتوونەتە سلێمانی بۆ مانەوە کوڕەکەم ویستوویەتی بچێت جێگەی مانەوەیان بۆ دابین بکات، لە کاتێکدا خۆی لە خەودا بووە و هەستاوە و چۆتە دەرەوە، بەڵام ئەم رووداوەی بەسەردا هاتووە".

دەشڵێت، "لەوەتی رووداوەکە روویداوە کوڕەکەم، هەڵاتووە بە خۆمان و خزم و کەسوکار سەرقاڵی دۆزینەوەی بووین و ئەمرۆ توانیومانە بیدۆزینەوە و تەلەفۆنم بۆ بنەماڵەی کوژراوکە کردووە کە بەدەست و قاچی بەستراوەوە کوڕەکەمتان بۆ دەهێنم، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەبووە و داویانکردووە بدرێتە دادگا، هەربۆیە ئەمشەو کوڕەکەم لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانە".

ئاماژە بەوەشدەکات، "چاوەروانی ئەوەین، یاسا و دادگا سەروەر بێت و رۆڵی خۆی ببینێت". دەشڵێت، "دادگا بە خوێنی خۆمان و ڕەفیقەکانمان بنیادمان ناوە، خۆمان لەخەڵک زیاتر پابەند بڕیارەکانی دەبین".

دەشڵێت، "زۆر بەداخم بۆ ئەو ماڵەی کە بوونەتە قوربانی رووداوەکە و دۆستی خۆمانن و خزمی خۆمانن و یەک عەشرەتین". ئاماژە بەوەشدەکات،"خۆزگە کوڕەکەی من بکوژرایە و ئەوەی ئەوانی هیچی لێ نەهاتەیە"، بەداخەوە لێرە و لەوێ گوێمان لە هەندێک قسە دەبێت کە زیاتر ناخمان بریندار دەکات، ئەم رووداوە یەکەم رووداو و کۆتا رووداو نابن گوناحە یەکسەر بوترێ کوڕی مەسولە و رووداوی دیکە روودەدەن کەس باسی ناکات".

دوشیوانی ئەوەدەخاتەڕوو، "من لە کاتێکدا لە کەرکوک بووم و سەرقاڵی دۆسیەی ئازادکردنی گەنجە دەستگیرکراوەکانی کەرکوک بووم لەگەڵ حکومەتی عێراق و دادگا، رووداوەکە روویداوە و گوناحی منی تێدا نییە منداڵەکەم ئەم دۆخەی بەسەردا هێناوین". کوڕەکەی محەمەد دوشیوانی ناوی، ( ب.م) و تەمەنی 21ساڵە و خوێندکار قۆناغی دووەمی بەشێکی پزیشکی بووە لە زانکۆی کۆمار.

هاوکات ئەمرۆ پێنجشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، نوسینگەی لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکرد، "‎سەبارەت بە ڕوداوەکەی شەوی ڕابردوو کە بووە ھۆی كوشتنی (ه.م .ك) کە لە دایكبووی ساڵی 1990 یە و دانیشتووی گەڕەكی شەكرەكەیە لە سلێمانی و كارمەندی سکویرتی دەروازە سیتی بووە، بکوژی تاوانبار کەسێکی ناسراوە و ناو و ناونیشانی زانراوە".

ئەوەشیخستەڕوو، "لە دوای ڕووداوەكەوە هێزە ئەمنییەكانمان لە هەوڵی دەستگیركردنی تاوانبار و بكوژەكەدان تا ڕاپێچی بەردەم یاسای دەكەین و لەكاتی دەستگیركردنی تاوانبارەكەدا وردەكاری و زیاتر دەخەینە ڕوو"، لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی سلێمانی سەرەڕای پشتڕاستکردنەوە و دەستگیرکردنی تۆماتباری رووداوەکە، ئاماژە بەوەشدەکات، "تاوانبار كوڕی بە‌رپرسێكی شاری كە‌ركوكە‌ و بە‌سوپاسە‌‌وە‌ كە‌سوكارە‌كە‌شی ھاوكار بوون لە‌ دە‌ستگیركردنی".


PM:07:00:14/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 54644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو