نێچیرڤان بارزانی له په‌یامی سه‌ركه‌وتنی پارتیدا: سه‌ركه‌وتنمان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عێراقدا به‌رپرسیارێتیمان زیاتر ده‌كات
وێستگه نیوز
بەبۆنەی سەرکەوتنی حزبه‌كه‌ی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند: "سەرکەوتنی پارتی ئەرک و بەرپرسیارێتیی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و په‌یامه‌یدا ده‌ڵێت "دەبێت لە ئاستی ئە‌و بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئە‌و متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە"، لایەنگرانی حزبەکەشی بە "سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتی" ناودەبات و دەڵێت، "بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتی، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت".
دەقی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی:
ئەندامان و جەماوەر و دەنگدەرانی دڵسۆزی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتیمانه‌وه له هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە کەسوکاری سه‌ربه‌رزی شەهیدانی قاره‌مان و جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەم. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و ئە‌و دەنگدەرە خۆشەویستانە دەکەم کە متمانەیان بە پارتی بەخشی.
ئه‌وپه‌ڕی سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوەی خۆشەویست لە هه‌موو بنکە، ڕێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، ڕێکخراوه جەماوەری و پیشەیییه‌كان، مەکتەب و دەستە ناوەندییه‌کانی پارتیمان بۆ ڕۆڵی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەتان لە ئەنجامدانی بانگەشه‌یه‌كی شارستانییانە و ئارام لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتیدا.
ده‌ستخۆشی له یە‌كە یە‌كە‌ی ئە‌و ھە‌ڤاڵه دڵسۆزانە ده‌كه‌م كە لە كۆڵان و گە‌ڕە‌كە‌كان و له هه‌ر شوێنێك بانگه‌شه‌یان كرد و دە‌نگدە‌ریان بردە سە‌ر سه‌ندووقە‌كان. زۆر سوپاس بۆ دەنگدەرانی خۆشەویست، بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان و بەخشینی متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەشداریی دڵسۆزانه‌تان، سەلمێنەری بەهێزیی باوەڕ و متمانەتانە بە ڕێبازەکەتان. ئێوە سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتین کە بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتی، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت.
پیرۆزبایی لە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی پارتی دەکەم، چاوەڕوانیم لە هەموویان ئەوەیە به باشترین شێوه ئەرکەکانیان ڕاپه‌ڕێنن و خزمەتكاری خەڵک بن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌ری پارتی، هەوێنی یەکڕیزیی لایه‌نه کوردستانییه‌كان و بەرگریکاری سەرسەختی مافە دەستورییەکانی هه‌رێمی كوردستان بن.
سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكی ڕاستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ئەم سەرکەوتنە ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییەکانی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، دەبێت لە ئاستی ئە‌و بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئە‌و متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە.
سەرکەوتن لە هەموو پارتییەکان و دەنگدەرانی پارتی و لە تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
PM:06:35:14/10/2021
ئه‌م بابه‌ته 3596
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت