پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند


وێستگە نیوز- 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵ کەسێکی کوشتووە لەناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی لەمانگی شوباتی ئەمساڵ هاوڵاتییەك لەناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ كوژرا و بكوژەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات و دادوەری لێكۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی 406 بڕیاری دەستگیركردن بۆ تۆمەتبار (م، ن، ك) دەركرد، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە سەرجەم بەش و بنكەكانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار".
 
ئەوەشخراوەتەڕوو، "دوای لێكۆڵینەوەكان، توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە كە لەگەڕەكێكی شاری سلێمانی خۆی حەشار دابوو، توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامەو دوای تەواوكردنی ڕێكار یاساییەكان، تۆمەتبار ڕادەستی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ دەكرێتەوە".


PM:12:46:14/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 4404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت