تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێم و عیراق ده‌گۆڕێت

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عیراق رایدەگەیەنێت، لە هەوڵدان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمانی ئینگلیزی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

تارق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق به‌ رۆژنامه‌نی سه‌باحی نیمچه‌ فه‌رمی راگه‌یاندووه‌: پشت بە بەرنامەی كار بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبەسترێت كە بریتییە لە یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نووسینی بە ئینگلیزی وەك ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتاندا هەیە.

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "تابلۆكان بە قەبارەی تابلۆكانی پێشوو و هەمان رەنگ دەبن، سپی بۆ تایبەت، سوور بۆ كرێ، شین بۆ حكومی و سەوز بۆ سوپا، سەرەڕای ئەوەی كۆدێكی دیاریكراوی دەبێت بۆ هەر پارێزگایەك لەجیاتی ناوەكەی".

بەرپرسەكەی هاتوچۆ ئاماژەی بەوەشكرد كە وەزارەتی ناوخۆ لە ئامادەكاریدایە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەت بە تابلۆ بۆ كردنەوەی لقێكی خۆی لە بەغدا، بەمەبەستی زامنكردنی خێرایی بەڕێوەچوونی كارەكە و پێدانی لە وادەیەكی دیاریكراودا بە خاوەن ئۆتۆمبێل.

پێشتر فازڵ حاجی، وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر راگەیاندبوو، پێشتر چەندین جار رێککەوتن لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و فیدراڵ بۆ یەکگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل کراوە، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن ئێستا بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت، ئەویش یەک شێوازی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ھەموو عیراق پەیڕەو بکرێت.

وتیشی: "تابلۆی سیستەمی نوێ، ئەوەی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە، قەبارەیەکی بچووکی ھەیە و ھەرێمی کوردستان تەنیا قەبارەکەی بچووک دەکاتەوە و لەگەڵ عیراق دەبێتە یەک".


AM:09:44:14/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 3920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو