عامری ناڕازییە و داوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی هێزه‌ شیعه‌كان ده‌كات

‌هادی عامری

وێستگه‌ نیوزـ

سایتی روسیا توده‌ی له‌زاری په‌یامنێره‌كه‌یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ گروپی هێزه‌ شیعه‌كان به‌نیازن كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ساز كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.

سایته‌كه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌ شیعه‌كان كه‌ زۆربه‌یان سه‌ربه‌ هاوپه‌یمانیی فه‌تح-ی سه‌ربه‌ هادی عامری بوون، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ شاری به‌غدا كۆبونه‌ته‌وه‌ و داوایان له‌ هێزه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ كردوه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان رێكبخه‌ن.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عامری له‌ نازاڕییه‌ له‌ ده‌نگه‌كانی و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌م ئه‌نجامه‌ خراپه‌ی هه‌بێت.

پێشتر ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ ھاوپەیمانی فەتح، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هادی عامری كه‌ باڵی سیاسییی حه‌شدی شه‌عبیشه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دووچاری شکستێکی گەورە بووە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و جێگره‌وه‌ی قاسم سوله‌یمانی، خۆی گەیاندوه‌تە بەغدا.

دوای ده‌نگۆی هاتنی قائانی، موقتەدا سەدر، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در كه‌ زۆرترین كورسیی به‌ده‌ستهێناوه‌، ھۆشداریی داوه‌ لە یاریكردن و گۆرانکاری بە ئەنجامه‌كانی ھەڵبژاردن.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ موشریق عەباس، ڕاوێژکاری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نوسیویەتی، "لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا هیچ بەرپرسێکی بیانی سەردانی عێراقی نەکردوە".  

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ راگه‌یاندنی عێراق ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ "ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سەرکردەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی کۆببێتەوە."  

لە سەرەتای ساڵی 2020دا، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، لە بۆردوومانێکی ئەمریكا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، ئیسماعیل قائانی کرایە فه‌رمانده‌ی فەیلەقی قودس و جێگره‌وه‌ی سوله‌یمانی.


PM:09:29:11/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 8412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت