دانوستانی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا لە قەتەر بەڕێوەدەچێت

‌شاندی تاڵیبان لە قەتەر

وێستگە نیوز- 

بڕیار وایە ئەمڕۆ شەممە یەکەم دانوستانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا دوای کشانەوەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان لەگەڵ تاڵیبان دەست پێدەکات و واشنتۆن داوا لە تاڵیبان دەکات رچاوی ماف و ئازادییەکان بکات.

ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێس بڵاویکردوە، شاندێکی دیپلۆماسیی کۆشکی سپی سەردانی شاری دۆحە-ی پایتەختی قەتەر دەکات بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان و ئەو کۆبونەوانەش دو رۆژ دەخایەنێت.

بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دیپلۆماتێکی ئەمریکا، ئەو کۆبونەوەیە لەگەڵ تاڵیبان بە یەکەم دانوستانی سیاسیی واشنتۆن و ئەو گروپە لەقەڵەم دەدرێت کە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لەو کۆبونەوەیەدا داوا لە تاڵیبان بکرێت کە رەچاوی مافەکانی مرۆڤ بکات بە تایبەت مافی ژنان و کچان لەو وڵاتە.

دیپلۆماتەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، کە لە دانوستانەکاندا داوا لە تاڵیبان دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی مافەکانی ژنان و کچان هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی هەمە لایەن بدات کە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ئەفغانستان لەخۆبگرێت.


AM:11:10:09/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت