داعش بهرپرسیارێتی خۆی له تهقینهوهكهی ئهفغانستان راگهیاند
وێستگه نیوز ـ
گروپی چەکداری داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ناو مزگەوتێکی قندوز لە ئەفغانستان راگەیاند. میدیاکانی ئەو وڵاتەش بڵاویان کردەوە، ژمارەی کوژراوەکان 100 کەسی تێپەڕاندووه.
ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی یهكهم، دوای روودانی تەقینەوەیەک لە ناو مزگەوتی سەعید ئابادی پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەب لە شاری خان ئاباد، لە ویلایەتی قندوز لە باکوری ئەفغانستان، گروپی چەکداری داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی کردەوەکەی لە ئەستۆگرت.
گروپی چەکداری داعشی خۆراسان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، خۆکوژێکی سەر بە گروپەکەیان لەناوەڕاستی نوێژخوێنانی مزگەوتێک خۆی تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 کەس کوژراو و برینداربوون.
لەلایەکی دیکەوە، سهرچاوهیهکی ناوخۆیی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەکە گیانیانلەدەستداوە بەرزبووەتەوە و 100 کەسی تێپەڕاندووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، میدیا ناوخۆییەکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی سەعید ئابادی پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەب لە شاری خان ئاباد لە ویلایەتی قەندوز لە ئەفغانستان بەهۆی تەقینەوەیەکەوە زیاتر لە 50 هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 140 هاوڵاتی دیکە برینداربوون.
لە دوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستان یەکەم رووداوی تەقینەوەیە کە ئەو ژمارەیە زۆرە لە گیانلەدەستدان و برینداری لێکەوتبێتەوە.
PM:11:57:08/10/2021
ئهم بابهته 1780
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت