عەلی عەونی: ڕێگە لە ساختەکاری ئەوانە دەگرین کە بە ساختەکار تۆمەتبارمان دەکەن

‌عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی

وێستگە نیوز_

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت، "ئەو لایەنانەی پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن پاساو بۆ فەشەلی خۆیان دەهێنەوە، ئێمە رێگە لە ساختەکاری ئەوان دەگرین"، دەشڵێت، "هەڵبژاردنی رابردوو قەبریان بۆ پارتی لێدابوو".

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئەمرۆ سێشەممە، 28ی ئەیلوول بە میدیایەکی نزیک لە پارتی وت، "ئەگەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان بکرێت و ئەنجامی راستەقینەی دەنگی خەڵک دەرنەکەوێت، سیستمی سیاسیی عێراق ئاستەنگی زیاتری بۆ دروستدەبێت و کێشەکان لە عێراق بەردەوام دەبن".

ئاماژەی بەوەشدا، "کێشەکانی عێراق لەوە دەرچووە، کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران، بەڵکو کۆی سیستمی سیاسی پێویستی بە گۆڕانکارییە، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق هاتووەتە ئاراوە، بەداخەوە ئێستا هەندێک لایەن هەن نیەتی ساختەکاریان لەم هەڵبژاردنە هەیە و کارتەکانی دەنگدان دەکڕن، یان پارەی زۆر دابەشدەکەن، لە هەڵبژاردنەکانی رابردووش تانەی زۆر لە پرۆسەی هەڵبژاردن دران، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە هێشتا زووە قسەی لەبارەوە بکەین".

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پارتی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی بە ساختەکاری عەلی عەونی، وتی، "ئەو لایەنانەی پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، پاساو بۆ فەشەلی خۆیان دەهێنەوە، بەپێچەوانەوە لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی گەورەترین زەرەرمەندی ساختەکاری و زوڵم بوو کە لە لایەن کۆمسیۆن و لایەنەکانی دەستڕۆیشتوو لە بەغدا کرا، زۆر لە دەنگەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەژمار نەکران، تەنها بۆ ئەوەی پارتی سەرکەوتوو نەبێت، سەرەڕای ئەو هەموو فشارەی لەسەر پارتی هەبوو، سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێنا، هەموویان قەبریان بۆ پارتی لێدابوو".

وتیشی، "ئەوانە پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، کە ئێمە رێ لە ساختەکاری ئەوان دەگرین، رێنمایی سەرۆک بارزانی بۆ ئێمە ئەوەیە کە باشترین و نەزیرترین پڕۆسە بەڕێوەببەین، لە بانگەشەدا جوانترین کەمپین بکەین بێ ئیستفزازکردنی خەڵک، ئێمە پێویستمان بە ساختەکاری نییە، ئەو حزبانەی دۆخیان خراپە گوێز لە گیرفانی خۆیان دەژمێرن، ئەوان خۆیان تەزویر چین، دەیانەوێت فەشەلی خۆیان لە هەڵبژاردن پنی بکەن. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەم جارە و دیارکردنی بازنەکان دۆخی حزبە بچوکەکان خراپ دەبێت، لە سەرەتا ئێمە گوتمان ئەو سیستمە باش نییە، بەڵام هەندێک لایەن فێربوونە بەس دژی بۆچوونی پارتی بن".

عەلی عەونی، ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەین پارتی ئەم جارە دەنگەکانی زیاد بکەن، چونکە ئارامی و خزمەتگوزاری هەرێمی کوردستان سەرنجی ئەو عەرەبانەی راکێشاوە کە سەردانی کوردستان دەکەن، هەروەها زۆر لە عەرەبەکان دەزانن تا دەنگی پارتی لەناو پەرلەمانی عێراق زیاتر بێت، باڵانسی دیموکراسی لە عێراق باشتر دەبێت، پارتی زامنی مافی هەموو پێکهاتەکانە".


PM:11:12:28/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت