قوباد تاڵەبانی: ھەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ژینگە

‌دیمەنێک لە دیدارەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمرۆ دووشەممە 27ی ئەیلولی 2021، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەشداری کرد لەدیداری ژینگەیی سلێمانی کە لە زانکۆی سلێمانی سازکرابوو.


لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی ئەو دیدارەدا، قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ گرنگیدان بەژینگە ئاشکراکرد و رایگەیاند، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت ھەماھەنگی بکەن بۆ داڕشتنی پلانی ژینگەیی.

لەبارەی کێشە ژینگەییەکانی ناوچەی تانجەرۆوە لە سلێمانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: "سەرچاوەی کێشەکە ئەوەیە ھەموو خۆڵ و خاشاک و ئاوەڕۆی شارەکە لەوێ کۆدەبێتەوە، ئەمەش سێ بەرنامە بۆ چارەسەرکردنی ھەیە، یەکێکیان بەرنامەی درێژخایەنە کە پێویستمان بە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆیە، کەھەوڵمانداوە جێبەجێ بکرێت، پرۆژەیەکی ستراتیژییە بەھاوبەشی کەرتی تایبەت و حکومەت دەبێت، بەشی دووەم ریسایکڵینە کە کۆمپانیایەکی خۆماڵی ئەنجامی دەدات خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا 700 تۆن خاشاک ریسایکڵ دەکرێت، بەشی سێیەمیشی پەیوەندیی بەووردبینی و بەدواداچوونەوە ھەیە کەبەرێوەبەرایەتی ژینگە دەتوانێ بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کەپاشماوە و خاشاکیان ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەبوونی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان لەبارەی گرنگی پاراستنی ژینگەوە".

بەپێی ئامارێکی  رێکخراوی گرین سپیس بۆساڵی 2019، شاری سلێمانی بەیەکێک لەپاکترینی شارەکانی عیراق دانراوە لەڕووی پاکی ژینگە و ئاووھەواکەیەوە، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کەچاوەڕێی لەوە زیاترین بۆ شارەکانمان، دەبێ ھەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی کۆبونەوەی خۆڵ و خاشاک و گرفتە ژینگەییەکانی تر.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: کاری دامەزراوە ئەکادیمی و بەرێوەبەرایەتیەکانی حکومەت و چالاکوانان و کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانە کەھۆشیاری بدەنە سیاسیەکان و ڕای گشتی بۆ گرنگیدان بەژینگە و پاراستنی، و کاربکەن بۆ دارشتنی پلانی نوێ.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: "دام و دەزگاکانی حکومەت دەبێ پابەندبن بەرێنماییەکانی پاراستنی ژینگەوە، ھاوکات کەرتی تایبەت دەبێ ئاشنای رێنماییەکان بێت و کاتێ بیر لەپرۆژە و وەبەرھێنان دەکەنەوە بیر لەلایەنی ژینگەیی و گونجاندنی پرۆژەکان بکەنەوە لەگەڵ پێودانگە ژینگەییەکان، تا بەھەموان بەشداربین لەپاراستنی پاک وخاوێنی شارەکەدا".

لەکۆتایی پانێڵەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کەفەرھەنگی پاراستنی ژینگە لەماڵەوە دەست پێ دەکات، دەبێ تاک رابھێنرێت لەسەر پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی شار و ناوچەکەی خۆی، لەمەشدا حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و ناوەندی توێژینەوەکان بەھاوکاری میدیا دەتوانن پێکەوە کاربکەن تا ئەم کێشە ژینگەییانە چارەسەر بکرێت.


PM:12:30:27/09/2021


















ئه‌م بابه‌ته 2636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت