لاهور شێخ جەنگی: پارتی و یەکێتی ئەوکات بەرپرسن لە شکستی ڕیفراندۆم

‌لاهور شێخ جەنگی

وێستگە نیوز_

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، "تەواوی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە پلەی یەکەم پارتی و بە پلەی دووەم یەکێتیی ئەو کات، بەرپرسن لە شکستی سیاسیی ڕیفراندەم، تەواوی حزبەکان دوای ڕاسپاردەی هەواڵگری و هەرێمایەتیی ڕیفراندەم کەوتن".


لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی ئەمرۆ 25ی ئەیلوول، لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا، پەیامێکی لە ڕێگەی نوسینگەکەیەوە بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، "ئایا گەر مام جەلال نەخۆش نەکەوتایە و لەسەروەختی ڕیفراندەمدا توانای سیاسی و فیزیکی بمایە، ڕیفراندەم دەکرا؟ بێ گومان نا! چونکە لانی کەم، عەقڵانییەتی سیاسی، دووربینیی سیاسی و تێڕوانینی بەرینی ئەو بۆ سیاسەت، بۆ هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، دوور بوو لە سۆز و هەڵچوون و دروشمی بێ ناوەڕۆکی نەتەوەیی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "با خۆمان نەدزینەوە لە بەرپرسیارییەتی ڕیفراندەم، ئەو کات من تەنیا لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی بووم، وێڕای ئەوەی داوامان کرد، هەر هیچ نەبێ با ناوچە جێناکۆکەکان بە پێی دەستووری عێراق نەگرێتەوە، بەڵام سۆزی نەتەوەیی و نەژادییەکە، بگرە ڕقە مەزهەبییەکە لە شیعە، ئەوەندە خەستوخۆڵ بوو، نەک هەر گوێیان نەگرت، بەڵكو پێش ڕیفراندەمیش به ڕۆژێك، سەرکردایەتیی یەکێتیی داوای لێکردم، کەرکوکیش چۆڵ بکەم!".


هاوسەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ڕاستی ئەوەیە ڕیفراندەمچییەکان جگە لە نەوتی کەرکوک، هەرگیزاوهەرگیز، شتێکی باشیان بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان و بە تایبەتیش بۆ کوردەکەی کەرکوک و بۆ یەكێتیی لەو شارەدا نەویستووە، بەڵام ئێستا یەکێتیی دوای کودەتاکە بە تەواویی تەسلیمی ئەو گوتارە زاڵەی بازرگانی و بەرژەوەندی بووە، کە من بە بازرگانیکردن بە کێشەی نەتەوەییەوە، ناوزەدی ئەکەم".

دەقی پەیامەکە:
 
پەیامێک لەنوسینگەی لاهور شێخ جەنگی-یەوە/

ڕیفراندەم و ١٦ـی ئۆکتۆبەر
کێ بەرپرسیارە لەم هەموو شکستە سیاسییە؟
ئایا گەر مام جەلال نەخۆش نەکەوتایە و لەسەروەختی ڕیفراندەمدا توانای سیاسی و فیزیکی بمایە، ڕیفراندەم دەکرا؟ بێ گومان نا! چونکە لانی کەم، عەقڵانییەتی سیاسی، دووربینیی سیاسی و تێڕوانینی بەرینی ئەو بۆ سیاسەت، بۆ هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، دوور بوو لە سۆز و هەڵچوون و دروشمی بێ ناوەڕۆکی نەتەوەیی، لای ئەو کوردبوون و پرسە سیاسییەکەی کورد، کێشەیەکی نەتەوەیی بوو، بەڵام ئەو هەر لە سەرەتای درووستبوونی یەکێتییەوە، نیشتمانی بۆ مەیدانی خەبات هەڵبژارد، نەک سۆزی نەتەوەیی و هەر لەو دیدە سیاسییە کامڵ و عەقڵانییەشەوە بوو، ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-عێراقی هەڵبژارد.

تەواوی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە پلەی یەکەم پارتی و بە پلەی دووەم یەکێتیی ئەو کات، بەرپرسن لە شکستی سیاسیی ڕیفراندەم، تەواوی حزبەکانی دوای ڕاسپاردەی هەواڵگری و هەرێمایەتیی ڕیفراندەم کەوتن، بەندە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو کات، کە دەسەڵاتی سیاسییمان زۆر سنوردار بوو، وێڕای ئەوەی ئێمە ڕەخنەی تووندیشمان هەبوو بە تایبەتی لە کات و میکانیزمەکان و مامەڵە سیاسییە ژێربەژێرەکان و بڕیاری سەپاندنی ڕیفراندەم، بەڵام هەموومان بە پلەی جیاواز ئەبێ بەرپرسیارێتیی ئەم شکستە سیاسییە لە ئەستۆ بگرین.

ڕیفراندەم، بەکارهێنانی کارتی نەتەوەیی بوو لە ڕوانگەی ئەمنی و ‌هەژموون و ئابورییەوە بۆ ڕەوایەتیدان بە خاوەندارییەتی هەرێمایەتی لە ویلایەتی موصڵی سەردەمی عوسمانییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و غازی کوردستان بۆ تورکیا، هاوکات لە ڕوانگەی سۆزی نەتەوەییەوە، سۆزی کوردایەتیی بەرز دەکرایەوە، بۆ ئەوەی ئامانجی هەرێمایەتی و بنەماڵە سیاسییەکانی هەرێم بەدی بهێنێت و هەرێمی کوردستان، وەکو داگیرکراوێکی هەرێمایەتی لە ژێر ئینتیدابی خۆیاندا بێت و لە ڕێگەی قەییومەکانی ڕیفراندەمەوە، ئیدارەی بدەن.

گەر چاوی مامیان لێ دیار بووایە، حەتمەن کاری هەرزەکارانەی لە چەشنی ڕیفراندەمی بێ سەروبەر ڕووی نەئەدا، بەڵام بە داخەوە، یەکێتیی ئەو کات و یەکێتیی دوای ٨ـی تەمموزی ئەمساڵیش بە تەواوی بووبوون بە بەشێک لە پیلان و نەخشە هەرێمایەتییەکان و ئەوەی بە ئەندێشەیاندا نەئەهات و نایەت، کێشەی سیاسیی کورد و چەوساندنەوەی کوردە لە پارچەکانی تر، کە مافی ئینسانیی ئەوەشیان پێ ڕەوا نابینن، کە پتر لە ٢٠ ملیۆن کورد لە وڵاتەکەیاندا دەژین، بەڵام لەم لاوە، گوێ بۆ حیکایەتی ڕیفراندەم ئەگیرا و باسی ڕزگاری و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەکرا، بێ ئەوەی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە بۆ دۆخەکە و ناوچەکە و هاوکێشە سیاسی و ستراتیژییەتە هەرێمایەتییەکان بکرێت.
وردە وردە، سەرە داوەکانی چۆنییەتی بڕیاردان لە ڕیفراندەم لە ژوورە داخراوەکان و کۆبوونەوە داخراوەکاندا دێنە دەرەوە، کە چۆن بە زۆر سەپێنراوە و تەواوی حزبەکان و سیاسییەکانی تێدا بەشداربوونە، جگە لە هەندێ بۆڵەبۆڵ و گلەیی و گازەندە، کەسیان زاتیان نەکردووە بەرامبەر ئەو بڕیارە نامەدروس و ناعەقڵانییە، هەڵوێستێکی جدیی وەربگرن.

١٦ـی ئۆکتۆبەریش بەشێکی گەورەی ئەو کاردانەوە عێراقی و هەرێمایەتییە و نێونەتەوەییانە بوو دژ بە ئەوانەی گوێی خۆیان تووند نوقاندبوو و ئامادە نەبوون گوێ لە پێشنیار و تەنانەت گفت و بەڵێنی مەعقوولی سیاسیش بگرن.
با خۆمان نەدزینەوە لە بەرپرسیارییەتی ڕیفراندەم، ئەو کات من تەنیا لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی بووم، وێڕای ئەوەی داوامان کرد، هەر هیچ نەبێ با ناوچە جێناکۆکەکان بە پێی دەستووری عێراق نەگرێتەوە، بەڵام سۆزی نەتەوەیی و نەژادییەکە، بگرە ڕقە مەزهەبییەکە لە شیعە، ئەوەندە خەستوخۆڵ بوو، نەک هەر گوێیان نەگرت، بەڵكو پێش ڕیفراندەمیش به ڕۆژێك، سەرکردایەتیی یەکێتیی داوای لێکردم، کەرکوکیش چۆڵ بکەم!، بەڵام ئەو هەموو مەسئوولە دەبابەخۆر و هەمەرخۆرەی پێش ڕیفراندەم، کە هەڕەشەیان ئەکرد، حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیان بە کاڵی و خاوی ئەخوارد، هەر لەگەڵ درووستبوونی شەڕدا، خۆیان ڕایانکرد و کەرکوک و کەرکوکییەکان و هێزی پێشمەرگەیان بەجێهێشت و لەم ئاقارەشدا، یەکێتیی نیشتمانیی ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری دا و سەرەنجام پاشەکشێ بوو بە دیفاکتۆ، بۆ ئەوەی کەرکوک وێران نەبێت و نەبێت بە حەڵەب و ئەجێنداکانی تورکیا و داعشی تێدا جێکەوت نەبێت.
پاش ٤ ساڵ لە پیلانی ڕیفراندەم، کەمپەینی تەخوینکردن، هێشتا نووزەی دێت و بە ١٦ـی ئۆکتۆبەر ئەڵێن خیانەت، لە کاتێکدا خیانەتەکە خۆیان دەستیان پێکرد بە کردنی ڕیفراندەم بۆ ئەجێندای هەواڵگری و هەر خۆیشیان لە کەرکوک پێش هەموو کەس هەڵهاتن.

پاش ئەوەی لەگەڵ نوێنەری دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبییدا گەیشتبوون بە ڕێککەوتنی ژێربەژێر، کەچی هێشتا ڕوویان دێت بە ئێمەومانان بڵێن خیانەتکارانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، لە کاتێکدا، خۆیان لە کۆبوونەوەکانیاندا زۆر پێش ١٦ـی ئۆکتۆبەر بڕیاری پاشەکشە و هەڵهاتنیان دابوو.
جگە لە ئەدەبیاتی زەلیلانە و ناعەقڵانی ئەم جۆرە کوردایەتییەی کە بازرگانی بە پرسی سیاسیی کوردەوە ئەکەن، لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە و نییە کە بەشێک بیت لە دەوڵەتی فیدراڵ( عێراق)، سەرکردە کوردەکان خۆیان بە شانازییەوە دەستووری عێراقیان داڕشتەوە و بە جۆش و خرۆشەوە، بانگەوازی خەڵکیان ئەکرد دەنگ بە دەستوور بدەن، کەچی بە دەوڵەتی فیدراڵ بڵێی شارێکی خۆی داگیر کردووە؟!
ئایا مەعقوولە دەوڵەتی فیدراڵ، ناوەڕاستی وڵاتەکەی خۆی کۆنترۆڵ بکاتەوە، جا بە شەڕ بێت یان بە پاشەکشەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، ئەوە بە داگیرکاریی لە قەڵەم بدرێ؟!

ئەو شاری کەرکوکەی کە ئەوان بە داگیرکراویان دائەنا و بڕیاریان دابوو نەگەڕێنەوە، ئەوەتا بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن و ساختەکاری، بە نیواونیوی پێش ڕیفراندەمیانەوە گەڕاونەتەوە، بێ ئەوەی بیر لەو هەموو باووبژەی ڕیفراندەم و داستان خوڵقێنەکانی ٤ ساڵ لەمەوبەر بکەنەوە.
١٦ـی ئۆکتۆبەر وێڕای هەموو لێکەوتە خراپەکانی کە دەرهاویشتە و داکەوتەی ڕیفراندەم بوو کەرکوکی لە هاڕین و وێرانکردن پاراست، لەو کاتەشەوە کە پارێزگارێکی عەرەب تەعین کراوە بۆ ئەو شارە، ئەوانەی تەخوینی ئێمەومانان ئەکەن، دەستیان لەگەڵ ئەم پارێزگارەدا تێکەڵ کردووە و هەرچی بۆ یەکێتیی و بۆ کەرکوکییەکان باش بێت، ئەوان پێچەوانەکەی ئەکەن.

ڕاستی ئەوەیە ڕیفراندەمچییەکان جگە لە نەوتی کەرکوک، هەرگیزاوهەرگیز، شتێکی باشیان بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان و بە تایبەتیش بۆ کوردەکەی کەرکوک و بۆ یەكێتیی لەو شارەدا نەویستووە، بەڵام ئێستا یەکێتیی دوای کودەتاکە بە تەواویی تەسلیمی ئەو گوتارە زاڵەی بازرگانی و بەرژەوەندی بووە، کە من بە بازرگانیکردن بە کێشەی نەتەوەییەوە، ناوزەدی ئەکەم.
سەرەنجامیش، ١٦ـی ئۆکتۆبەر، نەک هەر خیانەت نەبوو، بەڵکو پارێزبەندییەکی بەهێزی نیشتمانی بوو دژ بە حەڵەبکردن و دژ بەوانەی خەونی ئەوەیان ئەبینی، کە ویلایەتی موصڵ (بە کەرکوکیشەوە) بگەڕێتەوە بۆ سەر تورکیا. خیانەت، تەخشانی ئەو هەموو درۆ و بوختانەیە بۆ پینەکردنی ڕیفراندەمە شکستخواردووەکە دەکرێت، خیانەت ئەوەیە، کە هەموو کۆششی حزبی و سیاسی و ئابووریی خۆت لە ماوەی ١٦-١٧ ساڵی ڕابردوودا بخەیتە گەڕ کە کەرکوک نەیەتەوە سەر هەرێمی کوردستان، خیانەت ئەوەیە، کە دەیان ملیار دۆلار بۆ بنەماڵە سیاسییەکان بدزرێ و خەڵک لە برسییەتی و هەژاریدا ڕابگریت و بازرگانیی نەتەوەیی بە نەوتی کوردستان و سەروەریی کوردستان و کەرامەتی مرۆیی تاکی کوردەوە بکەیت.

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان


PM:07:08:25/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 12088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت