وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوە لەبارەی کۆبوونەوەیەکی ھۆزە عیراقییەکان له‌ هه‌ولێر دەدات


وێستگه‌ نیوز ـ
 
ئەمڕۆ شەممە، حکومەتی‌ عیراق راگەیەندراوێکی‌ لەبارەی‌ ئەنجامدانی‌ کۆبوونەوەیەک لە شاری‌ هەولێر بڵاوکردەوە کە تیایدا چەند کەسایەتییەک داوای‌ ئاسایکردنەوەی‌ پەیوەندییەکانی‌ عیراقیان لەگەڵ ئیسرائیل دەکرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش لە روونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت کە ئەوان ئاگاداری کۆبوونەوەکە نین و رێکاری پێویست لەو بارەوە دەگرنەبەر.


لە راگەیەندراوەکەدا حکومەتی‌ عیراق ئەو کۆبوونەوەیە بە نایاسایی‌ ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە کۆبوونەوەکە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی‌ عەشائیری‌ عیراقی‌ دانیشتووی‌ شاری‌ هەولێر لە هەرێمی‌ کوردستان ئەنجامدراوە.

روونیشیکردەوە کە ئەو کۆبوونەوانە نوێنەرایەتی‌ خەڵکی‌ عیراق ناکەن و تەنها گوزارشت لەراو بۆچوونی‌ ئەوانە دەکات کە بەشدارییان تیادا کرد.

راگەیەندراوەکە کۆبوونەوەکەشی‌ وەک هەوڵێک بۆ نانەوەی‌ ئاژاوە و زیندوکردنەوەی‌ کێشەی‌ تائیفیی‌ ناوبرد بەتایبەت لەساتەوەختێکدا کە هەموو شارەکانی‌ عیراق لەئامادەکاریدان بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنێکی‌ پێشوەختە.

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتە: "چەمکی‌ ئاسایکردنەوەی‌ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەگوێرەی‌ دەستوور و یاسا و سیاسەتی‌ دەوڵەتی‌ عیراق رەتکراوەتەوە و هەڵوێستی‌ مێژووییانەی‌ عیراق لە پاڵپشتیکردنی‌ دۆزی‌ فەڵەستین و پشتیوانیکردن لە مافی‌ گەلی‌ فەڵەستین جێگیرە و وەک خۆیەتی‌".

هاوکات لە دوای‌ راگەیەندراوەکەی‌ حکومەتی‌ عیراق، وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ حکومەتی‌ هەرێم روونکردنەوەیەکی‌ بڵاوکردەوە و تیایدا بێئاگایی‌ حکومەتی‌ لە ئەنجامدانی‌ ئەو کۆبوونەوەیە راگەیاند و ئاماژەی‌ بەوە کرد "کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخراوە و بەڕێوەچووە".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، رێکاری پێویستیش بەرامبەر چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە دەگرینە بەر".





PM:01:15:25/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو