لاهور شێخ جەنگی: دەبێت یەکێتی لە لێکترازان بپارێزین


وێستگەنیوز-

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر رووداوی "خێڵی حەمە" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووی "تیرۆریستان بوویەوە و توانی شکستیان پێبهێنێت، بۆیە لەئێستاشدا دەبێت یەکێتی لە لێکترازان بپارێزین و رێگە نەدەین پلانی دوژمنان سەربگرێت".

لاهور شێخ جەنگی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەشکرد، "ئەمڕۆ بیست ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کارەسات و تاوانی خێڵی حەمەدا کە تیرۆرستانی جوندلئیسلام ‌و ئەنسارولئیسلام بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە 43 پێشمەرگەی قارەمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە گوندی خێڵی حەمەی سنووری هەڵەبجە بە دیلی شەهید كرد ‌و دواتر تەرمەكانیان شێواندن... تاوانی خێڵی حه‌مه‌،‌ یه‌كێك بوو له‌ قێزه‌ونترین تاوانەکان لە‌ مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە مرۆڤایەتی لەژێر پەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەنجامیاندا و بوو بە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی تیرۆریستانەوە."

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوکات یەکێتی بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووی "تیرۆریستان بوویەوە و هەر ئەوکاتیش بە درککردن بە سەرهەڵدانی ئەو گرووپ و تاقمە تیرۆریستییانە هێزی دژەتیرۆرمان درووست کرد و لە چەندین قۆناغی مەترسیداردا توانیمان شکست بە تیرۆریستان بهێنین." لە ئێستاشدا کە هێشتا مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە، پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کاری جدی بکەن بۆ ڕیشه‌كێشكردنی بیری توندڕه‌وی و نەهێشتنی خانە نوستووەکانی داعش کە هێشتا هەڕەشەن لەسەر کۆی مرۆڤایەتی. 

سەبارەت بە دۆخی ئێستای یەکێتیش، لاهور شێخ جەنگی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە دەکەینەوە ئەرکی هەموو دڵسۆزانە کە حزبەکەمان لە لێکترازان بپارێزین و ڕێگە نەدەین پیلانی دووژمنان و نەیاران دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەربگرێت کە یه‌كه‌مین پۆله‌ شه‌هیدی دژ به‌ تیرۆرستانی داعشی پێشكه‌ش به‌ خاك و نیشتمان كرد و خاوەنی زیاتر لە 20 هەزار شەهید و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسییە."


PM:07:40:23/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 6800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو