نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی: وەرگرتنی ئابونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکرا

‌بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

وێستگە نیوز_

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و ئامرلیواكانی هێزی پێشمەرگەی یەکەی حەفتای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەرگرتنی ئابونەی حیزبی لەناو پێشمەرگە قەدەغەکرا.


بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەکەی. ئەمرۆ چوارشەممە، 22ی ئەیلوول، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لە قەڵاچوالان لەگەڵ ئامرلیواکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبۆتەوە و  وتویەتی، "ئێوە پارێزەر و خاوەنی یەکێتین و ئێمە مێژووی پڕ لە خەبات و شانازی ئێوە لە یادناکەین. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان. خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لەداهاتووشدا گۆڕانکارییەکان دەبینن".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەرگرتنی ئابونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکراوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، "دەبێت هەمووان خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بکەین و لە ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین".


هەروەرها ڕاشیگەیاندووە، یەکێتی پەرۆشی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانییە کە بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات. بەپشتیوانی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان ئەم پرۆسە نیشتمانییە جێبەجێ دەکەین و هێزی پێشمەرگە دەکەینە هێزێکی پڕچەک و پۆڵایین بەشێوەیەک لە ئاست تەحەددییەکان بێت و پارێزەری سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێت.

ڕاگەیەندراوەک دەڵێت، "لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکی یەكێتی سەبارەت بەچاکسازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان ڕایگەیاند، دەبێت ھێزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە سەرمەشقی گۆڕانکاری بن و پارێزەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بن و وتی، "لەمەودوا ڕێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتەسەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات. ھەرکەسێکیش لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت بەتوندترین شێوە ڕووبەڕووی دەبینەوە و ڕاپێچی بەردەم دادگای دەکەین. کەدڵنیام ھێزی پیرۆزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە پشتیوانی سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دەبێت".

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و مەحمود سەنگاوی، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی حەفتا و عەبدوڵا کانی بەردی، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی پێشمەرگە و ھیوا عەبدوڵا، لێپرسراوی میحوەری چواری کەرکوکی ھێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.


PM:08:29:22/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو