کاکەمین نەجاڕ: خەڵکی بێلایەن و توڕە دەنگ بە پارتی دەدەن
کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
وێستگه نیوز-
کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، تەنیا ئەندامانی پارتی دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، زۆرترین دەنگ بەدەست دێنن، دەشڵیت. ''ھەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر گرینگە بۆ پارتی و پێویستە کار بۆ سەرخستنی پارتی بکەین".
کاکەمین نەجاڕ، لە بانگەشەی قوتابیان و لاوان و ئافرەتاندا، رایگەیاند: "بەپێی ئاماری ئێمە، تەنیا ئەندامانی پارتی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پارتی باشترین دەنگ بەدەست دێنێ، جگە لەوەی خەڵکی بێلایەن زۆرە و لە حزبەکانی دیکە تووڕەیە، دەنگ بە پارتی دەدات، چونکە من ئەگەر ھاووڵاتییەک بم، پەرلەمانتارێکمان دەوێت لە بەغدا کارمان بۆ بکات، پارتیش باشترین حزبە لە ھەرێمی کوردستان دەنگی پێ بدرێت، تا لە بەغدا بەرگریمان لێ بکات".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ووتیشی، "پارتی لە رۆژانی ئارامیدا پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کردووە، لە ڕۆژانی پێویستدا شۆڕشی کردووە، ئەوەی بەدەست ھاتووە، ھەمووی بەرھەمی پارتییە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی دیکەمان لەگەڵ بووە، بەڵام لە کاتی قەیرانەکاندا ھەندێ لایەن لە بەرپرسیاریەتی رایان دەکرد، کەچی پارتی لە بەرپرسیاریەتی رای نەکردووە".
کاکەمین نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "ئەگەر پارتی و سەرۆک بارزانی نەبن، ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان و مانەوە لەم ھەرێمەدا زەحمەتە، چونکە لەنێو جوگرافیایەکدا دەژین چوار دەوری ئێمە کێشەن".
روونیشی کردەوە، "پارتی ئەو کەسانەی کاندید کردووە، کە بۆ کاری پەرلەمانتاری گونجاون و پسپۆڕی جیاوازیان تێدایە، ئەم ھەڵبژاردنە زۆر گرینگە و پێویستە کاری بۆ بکەین، تا بتوانین زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین، بێگومان ئەگەر پارتی پێگەی بەھێز بێت، ھەرێمی کوردستان ئایندەیەکی باشتری دەبێت".
PM:02:04:22/09/2021
ئهم بابهته 3056
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت