سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پاترياركى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى كرد

‌نێچیرڤان بارزانی و پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى

وێستگه‌ نیوز-

نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی مامۆستایانى سه‌رجه‌م ئايينه‌كان له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى و ئاشته‌وايى کرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئەیلولی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له‌ پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌ جيهان كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وە‌كەدا نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ پاتريارك بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى خۆيان و كه‌نيسه‌كه‌يان دووپات كرده‌وه‌، "هه‌روه‌ها رۆڵى قەداسەتیان و كه‌نيسه‌ و پياوان و مامۆستایانى سه‌رجه‌م ئايينه‌كانى له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى و ئاشته‌وايى و بوونى كورسيى پاترياركى له‌ هه‌ولێر به‌ گرنگ و مانادار و مايه‌ى متمانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا."
 
رۆژی دووشەممە 13ی ئەیلولی2021  لە کەنیسەی مار یوحەننای مەعمدان لە عەنکاوەی هەولێر و لە رێوڕەسمێکدا 122یەمین پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووریی دەستبەکاربوو. نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ چەند وەزیرێک و ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون.
 
لە کۆبووەنەوەکەی ئەمڕۆدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م وێڕاى خۆشحاڵى و سوپاس و پێزانين بۆ به‌شداريى نێچيرڤان بارزانى له‌ رێوڕه‌سمى دانانى قه‌داسه‌تى پاترياركدا، ستايشى رۆڵ و كاريگه‌ريى سەرۆکی هەرێمی کوردستانی له‌ پشتگيريى پێكهاته‌كان و پاراستنى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ ميانڕه‌وى و بايه‌خ و گرنگيى سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.
 
تاوتوێكردنى كاروبارى كه‌نيسه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جيهان و دۆخى کریستیانەکان و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا پاتريارك مار ئاوای سێیەم سوپاسى گه‌ل و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تيش ئاواره‌ کریستیانەکان.


PM:01:23:22/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو