کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان: مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتوەتە مەترسیدارترین قوناغ

‌بەشێک لە زیندانیانی بادینان

وێستگەنیوز-

کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا رایدەگەیەنێت، ماوەی 12 رۆژە بە دروشمی "یان مردن یان ماف و ئازادی" 82 چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان دەستیانکردوە بە مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و  لەئێستادا دۆخیان مەترسیدارە و داوای بەھاناوەچوون دەکەن.

لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا باسی لەوەشکردوە، "ئەمرۆ لە دوانزەهەمین رۆژی مانگرتندا دۆخی تەندروستی رۆژنامەنوس ئەیاز کەرەم کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان لە زیندان تێکچووە، ناوبراو لە ھۆش خۆی چوە و تیمی تەندروستیش بەھانایەوە ناچن."

ئەوەش هاتووە،  "تا ئێستا 82 زیندانی بادینان کە 77یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازی گەورانن، لەئێستادا لەسەر مانگرتن بەردەوامن، دۆخی تەندورستی بەشێکیان زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن. "

کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا داوا لە لە ڕای گشتی، رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکەن بە ھانای زیندانیکراوانی بادینانەوە بچن و دەستبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی ژیانیان بکەن.

15ی ئەم مانگە دادگاییکردنی دوو زیندانیکراوی دیکەی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێر دواخرا، عەلی حەمە ساڵح ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە ئامادەی دانیشتنەکە بوو رایگەیاند، حزبە سیاسییەکان و بەشێکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێ دەنگیان لەدۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان کردوە، "ئێمە لەدانیشتنی دادگا ئامادەبوین و بچوکترین دوکیومێنتی سیخوڕیکردن لەسەر دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی نەبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەم پرۆسەیە هیچ مەعقول نیە کەسێک هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نەبێت و ساڵێک لەزیندان بهێنرێت و ببرێت، من دڵنیام دادوەر ناتوانێت حکومی ئەمان بدات چونکە بچوکترین بەڵگەیان لەسەر نیە".

عەلی حەمەساڵح وتی، ئەوەی لەکوردستان هەیە "لوتکەی نادادی پێ دەوترێت، چونکە ئەوەی زەوی تاڵان دەکات و ئەوەی قاچاخی، بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و ئەوەی سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتەی دزیوە قەرار لەسەر ئەوانە دەدات کە هیچیان نەکردوە، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی دادوەری دەکەن ئەم پرۆسەیە تەواو بکات کە ماوەی دو ساڵە 65 سزادراوی بادینان بەبێ بڕیاری دادگا لە زیندانی ئاسایش راگیراون".


PM:09:36:18/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو