هێمن هه‌ورامى: داوا دەکەین چاودێرانی بیانی لەناوچە کوردستانییەکان فراوان بکرێن

‌هێمن هه‌ورامى و ڤیولا ڤۆن کرامۆن

وێستگەنیوز-

هێمن هه‌ورامى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان رایگەیاند، داوا لە ھەموو چاودێرە نێودەوڵەتیەکان دەکەن کە تیمی چاودێکردنیان پێش ھەڵبژاردن، لەکاتی ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش فراوانتر بکەن لە تەواوی عێراق، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی بەوردی چاودێری بەڕێووەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.

هێمن هه‌ورامى لەگەڵ ڤیولا ڤۆن کرامۆن ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی تیمی چاودێری یەکێتی ئەوروپا بۆ ھەڵبژاردنی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویسته‌ ھەڵبژاردنێکی گشتگیر و ئازاد و شەفاف و دوور لەهەر جۆرە ساختەکارییەک ئه‌نجام بدرێت، بۆیە داوا لە ھەموو چاودێرە نێودەوڵەتیەکان دەکەن کە تیمی چاودێکردنیان فراوانتر بکەن لە تەواوی عێراقدا، پێش ھەڵبژاردن و لەکاتی ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان بەوردی و چاوکراوەییەوە چاودێری بەڕێووەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویسته‌ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە کە لەبەر دۆخی سیاسی و مەترسیەکانی داعش لەناوچەکانی خۆیان ناتوانن بەئازادی دەنگ بدەن كه‌شێكى ئارامیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکوک و دەشتی نەینەوا و شەنگال.

بەگوێرەی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 7-7-2021ەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردوە و تا رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) بەردەوام دەبێت.

بڕیارە 10ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆتایی ئامادەکاریەکاندایە بۆ ئەو پڕۆسەیە.


PM:08:21:18/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت