زانیاری ورد لەسەر تۆمەتباری دوو ڕووداوەکەی سلێمانی

‌وێنەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە(ز،م،ح)

وێستگە نیوز_ ژووری هەواڵ

ئەو کەسەی ژووی ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی وێنەی بڵاوکردۆتەوە، گوایە بکوژی (شوکری سەرحەد) و تۆمەتبارە بە هەوڵی تیرۆرکردنی (فەرهاد بارش قۆندوو)، بەوتەی کەسە نزیکەکانی، "هاوڵاتیەکی کوردی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە تەنیا ژیانی بەسەربردووە".


دوێنی هەینی 17ی ئەیلوولی 2021، بەرپرسی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە، لە گەڕەکی چوارچرا و نزیک بنکەی پۆلیسی گەڕەکە تیرۆکرا، هاوکات رۆژی 16ی ئەیلوول، پەنابەرێکی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانی، کە کارمەند بووە لە کۆمپانیایەکی گواستنەوە و گەیاندن لە گەڕەکی شەکرەکە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و فیشەکێک بەر ملی دەکەوێت و برینداردەبێت.

ئەمرۆ 18ی ئەیلوولی 2021. ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی بەرپرسەکەی پەکەکە و هەوڵی تیرۆرکردنە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "توانراوە لەماوەی کەمتر له 24 كاتژمێردا پیلانێک ئاشكرابكرێت و تاوانباری سە‌رە‌كی ئەو دوو کردەوەیەی دوو رۆژی رابردووی سلێمانی دەستگیر بکرێت".

بەوتەی کەسە نزیکەکانی، "ئەو هاوڵاتییەی کەتۆمەتبارە بە کوشتنی بەرپرسەکەی پەکەکە و هەوڵی تیرۆرکردنی پەنابەرەکە، ناوی (ز،م،ح) و لە دایکبووی ساڵی 1972وە لە هەڵەبجە، هاوکات لە بنەماڵەیەکی دیاری ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانین".

بەپێی زانیارییەکانی وێستگە نیوز، "تۆمەتباری رووداوەکە، ماوەی چەند ساڵێکە، بە تەنیا دەژی و ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، ماوەیەکیش وەک پاسەوانی یانەی شەوانە کاری کردووە لە شاری سلێمانی"، پێش ئەم کارەشی لە هەڵەبجە ئەندامی تیمێکی مۆسیکی بووە و ژەنیاری کەمانچە بووە.

بە وتەی کەسە نزیکەکانی کە قسەیان بۆ وێستگە نیوز کردووە، دەڵێت، "پێشتر لەلای کەسوکاری باسیلەوەکردووە و کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە قەندیل دەستگیریان کردووە، بەڵام کەسوکارەکەی ئەم قسەیان بە هەند وەرنەگرتووە".

هاوکات پاش ڕاگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپە‌راسیۆنی ھاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی، میدیایی پەکەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، "هەرچەند ئەو دەزگایانە وێنەی کەسیکیان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە ئەو کەسە هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی و سەرچاوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هێرشکار تەنیا کەسێک نییە و ژمارەیەک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە".

ئاژانسی رۆژ نیوز-ی سەر بە کۆمپانیای چەتر-ی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوەشی وتووە، "هەروەها ئەو کەسەش کە دەوترێت دەستگیرکراوە، بکەری هێرشەکەی سەر "فەرهاد باریش"ـە، لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، بەڵام هێرشکارانی سەر شەهید شوکری سەرحەد هێشتا دەستگیرنەکراون".

ئاژانسەکە ئەوەشدەخاتەڕوو، "بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی لە شەهید شوکری کردووە، ئەوانی دیکەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون".


PM:03:25:18/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 29016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت