نووری گەرمیانی پۆستێکی لە مەڵبەندی سێی یەکێتی وەرگرت

‌نووری گەرمیانی، گۆرانیبێژی میللیی شاری هەولێر

وێستگەنیوز-

نووری گەرمیانی، گۆرانیبێژی میللیی شاری هەولێر پۆستێک لە نێو یەکێتی وەردەگرێ و رایدەگەیەنێت، ماوەی دوو مانگە وەکو ئەندامی مەڵبەندی سێی یەکێتی و راوێژکاری هونەریی مەڵبەندەکە دەستبەکاربووە، هەروەها لەداهاتوویەکی نزیکدا گۆرانییەک بۆ لیستی هاوپەیمانی کوردستان تۆمار دەکات.

نووری گەرمیانی بەکەناڵی رووداوی راگەیاندوە، "ماوەی دوو مانگە وەکو ئەندامی مەڵبەندی سێی یەکێتی و راوێژکاری هونەریی مەڵبەندەکە دەستبەکاربووم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی ئەو پۆستە لەسەر داوای هەر یەک لە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و  لیوا ئەیوب یوسف سەعید، لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیواکانی 3 و 7ی تایبەت بووە.
 
نووری گەرمیانی ئاشکرای کردوە کە بێجگە لە خۆی کە پۆستی وەرگرتووە، یەکێتی مووچەی مانگانەی بۆ ژمارەیەک هونەرمەند و گۆرانبێژی هەولێر بڕیوەتەوە، لەوانەش فەرهاد زیرەک، هونەرمەندیی ناسراوی شاری هەولێر. لەم بارەیەوە وتی، "کاک دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، دوای ئەوەی پێشوازی لە کاک فەرهاد زیرەک کرد، مووچەی بۆ بڕیوەتەوە".
 
سەبارەت بە پێشبیبنی خۆی بۆ دەنگەکانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نووری گەرمیانی  باسی لەوەکردوە، "پێشبینی دەکەم دەنگێکی باش بهێنێت"، وتیشی بەنیازە گۆرانییەک بۆ بانگەشەی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان تۆماربکات.


PM:02:44:17/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 10752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت