تورکمان و عەرەب: گەڕانەوەی پێشمەرگە پێچەوانەی دەستوورە


وێستگە نیوز_

نوێنەرانی عەرەب و تورکمان لە کەرکوک هۆشداری دەدەن لە قۆستنەوەى هێرشەکانی چەکدارانی داعش "بۆ گۆڕینی هاوسەنگی ئەمنی و گەڕانەوەى هێزەکانی پێشمەرگە" بۆ ئەو پارێزگایە دەشڵێن، " ئەم هەنگاوە پێچەوانەی دەستوورە".  


نوێنەرانی هەردوو پێکهاتەکە لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئەمرۆ 15ی ئەیلوول ئاماژە بەوە دەکەن، "لە کاتێکدا پارێزگای کەرکوک بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سەپاندنی یاسا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017دا سەقامگیریی ئەمنیی ڕوونی بەخۆیەوە بینیوە، هەندێک لایەنی هەوڵ دەدەن هێرشەکانی داعش بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری قەزای داقوق و ناحیەی ڕەشاد بقۆزنەوە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی ئەمنی و ڕێگەخۆشکردنی بۆ گەڕانەوەى هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناو سنوری ئیداریی پارێزگاکە".  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەم هەنگاوە مەترسیدارە پێچەوانەی دەستووری عێراق و بڕیاری پەرلەمانی عێراقە و لەلایەن پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانەوە وەک بەشێک لە مامەڵە سیاسییەکان دەبینرێت بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ڕۆژانی ڕفاندن و دەستگیرکردن و تیرۆرکردن". 

پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکوک دەشڵێن، "پێویستە حکومەت لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکەدا چەتەکانی داعش بە هێنانی دەزگای دژە تیرۆری فیدڕاڵی و هێزەکانی سوپای عێراق لەناوببات نەک بە چەند هەنگاوێک کە کاریگەری لەسەر دۆخی دەستووری پارێزگای کەرکوک دەبێت". 

No description available.


PM:01:34:15/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو