ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئه‌یلوولی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:.

یەکەم: خستنەڕووی ئامادەکارییەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەدیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدڕاڵ لە 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، کە لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و رۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، و هاندانی هاوڵاتییان بۆ پیادەکردنی مافی دەنگدان.

دووەم: بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە (63) لە 1/9/2021 تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کواڵیتی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە.

سێیەم: بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021 - 2025) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن بەڕێز د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو بۆ ئەنجومەن و بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

چوارەم: خستنەڕووی رەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) ئامادەکراوە.


AM:11:54:15/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو