گۆڕانکاری لە ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانەدا کرا


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، بۆ هەر کەسێك کیلۆیەك شەكر لەناو بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان كەم كراوەتەوە و لەجێگەی شەکر، نیو کیلۆ نیسك و نیو کیلۆ نۆك دابەشدەکرێت.



محەمەد حەنون، بەرێوەبەری فەرمانگەی چاودێری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند: کیلۆیەک شەکری بەشەخۆراکی مانگانە کەمکراوەتەوە و چەند ماددەیەكی تر وەک شوێنگرەوەی دابەشدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە جێگەی کیلۆ شەکرەکە، نیو کیلۆ نیسك و نیو کیلۆ نۆك دابەشدەکرێت و دۆشاوی تەماتەشی لەگەڵ دایە.

محەمەد حەنون باسی لەوەشکردووە، بڕی ئارد و برنج و زەیت وەک خۆی ماوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.

ئەوەشی خستوتەڕوو، بەشێك لە هاووڵاتییان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەرناگرن و ئەمەش گرفتیان بۆ دروستدەکات، بەجۆرێك چەند بریکارێك مانگانە خۆراکی زۆریان لادەمێنێتەوە و پێویستە جارێکی تر بیگەڕێننەوە.

لە ساڵی 1995 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ژمارە 986 لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراک بەرامبەر نەوت رێگەیدا حکومەتی عیراق بڕێک لەو نەوتەی هەیەتی بیفرۆشێت تا بتوانێت بە داهاتەکەی بەشەخۆراکی هاووڵاتیانی پێ بکڕێت، تائێستاش بەشەخۆراکی هاوڵاتیان بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆریش لێی سودمەندبوون.


AM:08:57:15/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 14840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت