داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو دەکرێت

‌پێوەری ئاو

وێستگە نیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەدان ھەزار خێزان لەهەرێمی کوردستان سزای (500 ھەزار دینار) بۆ سەرەوەیان بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی نەبەستنی پێوەری ئاو، لەکاتێکدا ئەو کۆمپانیایانەی پێوەری ئاوی ماڵانیان دابینکردوە پێوەرەکانیان چەندین گرفتی تێدایە و نابێت هاوڵاتیان باجی هەڵەی کۆمپانیاکان بدەن، بۆیە پێشنیاز دەکەن لەرێگەی لیژنەیەک پێداچونەوە بە پێوەرەکانی ئاودا بکرێت و شەش مانگ وەک چاودێری کارکردنیان دیاریبکرێت.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەم نامە پەیامی سەدان ھەزار ھاوڵاتی کوردستانە و جگە لەم پەیامە بە ڕێکاری پەرلەمانی کاریان لەسەر ئەم دۆسیە کردوە، سەدان ھەزار خێزانی ھەژار سزای (500 ھەزار دینار) بۆ سەرەوەیان بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی نەبەستنی پێوەری ئاو. ڕەنگە بڵێن: ئەم سزا ئاساییەو بۆ خەڵک پێوەر نابەستێت، بەڵام لە پشت ئەمەوە چەند ھۆکارو گرفتێک ھەن لەبری سزادانی خەڵک پێویستیان بە چارەسەرە جگە لەوەش ئەم سزا "نایاسایەو پشتی بە ھیچ یاسایەک نەبەستوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نابێ ئەگەر کۆمپانیاکە ئیلتزامی نەکردبێت بە گرێبەستەکە و پێوەری زۆر خراپی ھێنابێت و ھەواش بخوێنێتەوەو بە گەرماو سەرما تێکبچێت، ھەر خەڵک ناچاربکرێت پێوەرێکی خراپ دابنێ، دەکرێت 15 کۆمپانیا لە ژێر چاودێریدا نەبن و پێوەری ئاو بھێنن و بیفرۆشن! ئەمە جگە لە تێکچونی زۆری میکانیکی لە فەڕاڕەو عەدادو قەباغەکەیدا، ھەڵمگرتنی شوشەی سەرقەباخ و خوێندنەوەی ژمێرەی پێوەرەکە. خوێندنەوەی ناڕاست و ھاتنەوەی پارەی زۆر گرفتێکی گەورەیە، کاتێک ھاوڵاتی دەبینێ کەسێک ملیۆنێک دیناری بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی خراپی پێوەرەوە، ئیدی دەترسێت لە بەستنی پێوەر! ".

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێشنیار دەکەن لیژنەیەکی پسپۆڕ دابندرێت و لەسەرجەم شارەکان پشکنین بکات، ئەگەر پێوەرەکە ئەو گرفتانەی تێدابو دەبێت کۆمپانیا سزا بدرێت نەک ھاوڵاتی. پاش چارەسەرکردنی گرفتی پێوەرو ھەبونی دڵنیایی شەش مانگ دابندرێ بۆ ھاوڵاتیان بۆ بەستنی پێوەر دوای ئەو ماوە سزا جێگیر بکرێت. هەروەها بڕیارو یاسا دەبێت دادپەروەرانە بەسەر ھەمواندا جێگیر بکرێت، "من لە بەڕێزتان دەپرسم ئەمە ڕەوایە لە گەڕەکێکی میللی ھەولێر یان چەمچەماڵ بە 15 ڕۆژ جارێک ئاو ھاتوتەوەتەوە پارەی کارەبا دەدەن و دەبێ پێوەر ببەستن و نەشی بەستن 500 ھەزار دینار سزا دەدرێت،  پرۆژەی نیشتەجێبونی وەبەرھێنانیش ئاوی بەردەوامی ھەیەو پارەی ئاویش ناداتە حکومەت و پێوری نیەو سزاش نادرێت ئەمە ڕەوایە!، بۆیە ھیوام وایە ئەم گرفتە بۆ سەدان ھەزار ھاوڵاتی کەمدەرامەت چارەسەر بکەن بەڕێگای گونجاو."


PM:11:48:14/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو