عەبدولحەکیم خەسرەو: شانازیكردنی هه‌ر هاوڵاتییه‌ک بریتییه‌ له‌ به‌شداریكردنی هەڵبژاردن

‌عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

وێستگە نیوز_

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، "كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌رێم كاریگه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رده‌چێت"، دەشڵێت، "شانازیكردنی هه‌ر هاوڵاتییه‌ک بریتییه‌ له‌ به‌شداریكردنی هەڵبژاردن".


عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمرۆ سێشەممە 14ی ئەیلوول، بە ماڵپەری فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، "له‌ كاتی گفتوگۆكردنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی دانووستانه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی هه‌ستمان به‌ چه‌ند بابه‌تێك ده‌كرد، ئه‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌رانمان له‌ لیژنه‌ی دارایی ڕۆڵێكی كارایان هه‌بێت له‌ به‌رگریكردن له‌و داواكارییانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی دانوستانه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كات".

ئەو ئاماژە بەوەشدەکات، "دەبێت ئەو رێژە‌ و نیسابه‌مان له‌ په‌رله‌مان هه‌بێت تا بتوانین كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر بڕیاره‌كان هه‌بێت و كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر زۆرینه‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌و زۆرینه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌رژە‌وه‌ندی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێت، كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت به‌ پێی ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی‌ بێتە دی، بۆیه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رده‌چێت".

ئەوەشدەخاتەڕوو، "زیادبوونی رێژەی به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌ ده‌نگدان و زیادبوونی رێژە‌ی كورسییه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و زیادبوونی كه‌سانی شیاو و لێوه‌شاوه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ هه‌موو ئامانجمان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بریتییه‌ له‌ به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا".

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، وتیشی، "له‌وانه‌یه‌ تیمێكی حكومی له‌ دانوستانه‌كان به‌شدار بێت له‌ به‌غدا، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند كه‌سێك نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ڵام ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ ده‌نگی هاووڵاتیان و حكومه‌ت چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌، بۆیه‌ شانازیكردنی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ به‌شداریكردنی له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان".


PM:10:40:14/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت