پۆلیس: ئەو كچەی زێڕنگەرێکی هەڵخەڵەتاندووە دەستگیرکرا


وێستگە نیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کچێک لە رانیە زێڕنگەرێکی هەڵخەڵەتاندووە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
 
لە راگەیەندراوێكی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە "رۆژی 13-01-2021 کەسێک کە کاری نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوون بووە لە سنووری ئیدارەی سۆران و دانیشتووی ئیدارەی سۆرانە، سکاڵای تۆمارکرد و بە پۆلیسی رایگەیاند کە لەسەر داوای کچێک لە شاری رانیە لەڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین پشتێنێکی ئاڵتوونی بە بڕی 26 مسقاڵ و عەیار 21ی لە سنووری ئیدارەی سۆران بۆ کچەکە هێناوەتە شاری رانیە".
 
ئەوەش خراوەتە ڕوو، دوای ئەوەی کچەکە داوای لە نوێنەرەکە کردووە کە پشتێنە ئاڵتوونەکە لەنزیک نۆرینگەکانی شاری رانیە لە شوێنێکی جیا تاقیبکاتەوە، "لەو کاتەدا کچەکە پشتێنێکی ساختەی هاوشێوەی پشتێنە ئاڵتوونەکەی لابووە و هەر ئەوکات نوێنەرەکەی هەڵخەڵەتاندووە و پشتێنە ساختەکەی لەجیاتی پشتێنە ئاڵتوونەکە داوە بە نوێنەری زێڕنگەرەکە و پشتێنە ئاڵتوونەکەشی لای خۆی گلداوەتەوە و پێی وتووە لە کڕینی پشتێنەکە پەشیمان بووەتەوە".
 
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، دوای ئەوەی نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوونەکە دەیەوێت بەڕێکەوێتەوە بۆ سنووری ئیدارەی سۆران، پاش ماوەیەکی کەم هەستدەکات کچەکە هەڵیخەڵەتاندووە بەوەی کە پشتێنەیەکی ساختەی پێداوە و پشتێنە ئاڵتوونەکەی لای خۆی گلداوەتەوە، هەربۆیە دەستبەجێ پۆلیسی لێ ئاگادار کردووەتەوە و سکاڵای تۆمار کرد.
 
نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوونەکە ئەوەی بە پۆلیس راگەیاندووە، کچەکە ناناسێت و هیچ زانیارییەکی لەسەر نییە، تەنها لەسەر داوای کچەکە لەڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین پشتێنە ئاڵتوونەکەی بۆ بردووەتە شاری رانیە بۆئەوەی پێی بفرۆشێت.
 
لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەدواداچوون، دوای زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر کێشەکەدا، لەلایەن هێزەکانی بنکەی پۆلیسی رزگاری و بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی رانیە، بە سوودوەرگرتن لە زانیاریی ورد و بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی ناسنامەی کچەکە، لە 2ی ئابی 2021 کچەکە دەستگیرکرا.
 
بە وتەی پۆلیسی راپەڕین،کچەکە ناوی (م. ف. ع)ە و تەمەنی 34 ساڵە، دانیشتووی شاری رانیەیە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، لە پۆلیس و دادگە دانی ناوە بە تاوانەکەدا کە نوێنەری زێڕنگەرەکەی هەڵخەڵتاندووە و بە مەبەست داوای پشتێنەیەکی ئاڵتوونی کردووە و پێشوەخت دانەیەکی ساختەی لەسەر هەمان شێوە لای خۆی ئامادە کردبوو.
 
بەپێی وتەی کچەکە، کە قسەی بۆ پۆلیس کردووە، دوای 15 رۆژ بەسەر تاوانی هەڵخەڵەتاندنەکە، پشتێنە ئاڵتوونەکەی بە کەمتر لە بەهای خۆی فرۆشتووە بە زێڕەنگەرێکی شاری رانیە. ئێستاش کچەکە بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


PM:10:53:04/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 2536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو